رووداو - تەندروستی
لە هیندستان تاقیگەیەکە بۆ راهێنانی 15 سەگ لە دەستنیشانکردنی نەخۆشی تەرخانکراوە، ئەو سەگانەی لەنێو تاقیگەکەن تایبەتن، چونکە بە یارمەتیی ژیریی دەستکرد رادەهێنرێن بۆ ئەوەی بە بۆنکردن، نەخۆشی بناسنەوە.
کڵۆی سەگێکە کە کڵاوێکی پێوانەکردنی هێڵکاریی مێشک و قایشێکی پڕ لە هەستەوەرەکانی پێوەیە، یەک بە یەک نموونەی نەخۆشییەکان بۆن دەکات تاوەکو فێر بێت، بیانناسێتەوە و بۆ هەر نموونەیەکیش چۆنیەتیی هەناسەدان، بۆنکردن و نێردەدەمارییەکانی مێشکی سەگەکە بە ئەی ئای دەپێورێن.
ئاکاش کوڵگۆد، هاوسەرۆکی سەنتەری راهێنانی سەگ بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان دەڵێت ''ئەم کارە لە چەندین گۆڤاری زانستیدا هەیە، نزیکەی 50 توێژینەوەی زانستی هەن کە باس لە چۆنیەتیی بۆنکردنی شێرپەنجە، کۆڤید-19 و نەخۆشییەکانی دیکە وەکو پارکینسن لەلایەن سەگەوە دەکەن''.
بۆنکردنی سەگەکان دەشێت رێگەیەکی خێرا و سەرەتایی بێت بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییە درێژخایەنەکان. ئەم سەنتەرە رایگەیاندووە، سەگەکان 90٪ وردن لە دەستنیشانکردنی حەوت جۆری شێرپەنجە.
ئیتامار بیتان، هاوسەرۆکی سەنتەری راهێنانی سەگ بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان گوتی: کاتێک سەگەکە بۆ ناسینەوەی بۆنی شێرپەنجە راهێنانی پێ دەکرێت، رەەفتاری تایبەت بە ناسینەوەی نەخۆشییەکەی دەبێت.
ئەم تاقیکردنەوەیە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە سەگەکان نەک تاوانبار و مادەی هۆشبەر، بەڵکو لەمەودوا کەسانی نەخۆشیش دەناسنەوە.


