رووداو - تەندروستی
بەگوێرەی توێژینەوەیەکی نوێی مایۆکلینیک، تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد بەکارهێنراوە بۆ یارمەتیدانی پزیشکانی نەشتەرگەریی دڵ، تاوەکو بە خێرایی و وردییەکی بەرز، لە رێگەی پشکنینی ئاسایی ئاڵتراساوندەوە، تەسکبوونەوەی خوێنبەرەکانی دڵ دەستنیشان بکەن.
پسپۆڕانی دڵ لە مایۆکلینیک، دەڵێن، ئەم ئامڕازە نوێیە رێگە بە کەسانی ئاسایی دەدات بە ئاسانی وێنەی وردی دڵ بگرن، ئەمەش خێرایی و کواڵیتیی پشکنینی سەرەتایی لە سەنتەرە تەندروستییەکاندا بەرز دەکاتەوە.
پزیشکانی بەشدار لە توێژینەوەکە، ئاماژە بەوە دەکەن، بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لە پشکنینە پزیشکییەکاندا، دەبێتە هۆی خێرا دەستنیشانکردنی نەخۆشییە مەترسیدارەکانی دڵ.
توێژەرانی مایۆکلینیک، جەخت لەوە دەکەنەوە، تێکەڵکردنی تەکنەلۆژیای سەردەم لەگەڵ نەخۆشییەکانی دڵ، هەنگاوێکی گەورەیە بەرەو باشترکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستیی گشتی و کەمکردنەوەی رێژەی مردن بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵەوە.



