رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە زانکۆی ئۆکسفۆرد لە بەریتانیا دەریدەخات، ڤاکسینی شینگریکس (Shingrix)، کە دژی نەخۆشیی ڤایرۆسیی پشتێنەی ئاگرین (shingles) بەکاردێت، پەیوەستە بە کەمبوونەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن بە رێژەی 9٪.
پڕۆفیسۆر د. ماکس تاکێت، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: "نەخۆشییەکانی دڵ و سووڕی خوێن ساڵانە کاریگەرییان لەسەر ملیۆنان کەس هەیە و هۆکاری سەرەکیی مردنن لە جیهاندا. هەر دەستێوەردانێک کە توانای کەمکردنەوەی مەترسیی ئەم نەخۆشییانەی هەبێت، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر تەندروستیی گشتی دەبێت."
توێژینەوەکە شیکاریی بۆ زیاتر لە 72 هەزار کەس کردووە و دەرکەوتووە؛ ئەوانەی ڤاکسینی شینگریکسیان وەرگرتووە، لە ماوەی حەوت ساڵی دوای وەرگرتنی ڤاکسینەکەدا، مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.
نەخۆشیی پشتێنەی ئاگرین (Shingles) هەوکردنێکی ڤایرۆسییە کە بەهۆی چالاکبوونەوەی ڤایرۆسی ئاوڵە لە جەستەدا روودەدات، زۆربەی کات دوای چەندین ساڵ لە تووشبوون بە ئاوڵە، نیشانەکانی دەردەکەون وەکو لیرێکی بەئازار لەسەر پێست، کە وەک هێڵێک یان "پشتێنە" لە یەک لای جەستە دەردەکەوێت.



.png&w=3840&q=75)