رووداو - تەندروستی
لقی هەولێری سەندیکای پزیشکانی کوردستان، لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە کەیسی گیانلەدەستدانی سارا تەحسین رایگەیاند، پێویستە لێکۆڵینەوەی ورد بکرێت لەوەی کە لە کاتی رووداوەکەدا، هۆڵەکانی نەشتەرگەریی نەخۆشخانەی تایبەتی رەسول داخراو بوون و بەشی چاودێریی چڕیشی لەژێر نۆژەنکردنەوەدا بووە.
سەندیکاکە سەرەتا هاوخەمیی خۆی بۆ خانەوادەی کۆچکردوو دەربڕیوە و هاوکات پاڵپشتیی خۆی بۆ ئەو پزیشکە دووپاتکردووەتەوە کە نەشتەرگەرییەکەی بۆ سارا تەحسین کردووە و رایگەیاندووە، "ئەو پزیشکە بەڕێزەی بەرپرسیار بووە لە نەخۆشەکە، هەڵگری بەرزترین بڕوانامەی بواری پسپۆڕی بووە و رێپێدان و مامەڵەی دروستی هەبووە لە سەندیکای پزیشکان."
سەندیکای پزیشکان داوای لێکۆڵینەوەی ورد دەکات لە دۆخی نەخۆشخانەکە لە کاتی ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکەدا و دەپرسێت، "پێویستە دیاری بکرێت بە چ مۆڵەت و بنەمایەکی یاسایی و پزیشکی، و لەژێر چ مەرج و پێوەرێکدا، رێگە بە ئەنجامدانی نەشتەرگەری دراوە و ئایا لەو کاتەدا هەموو پێداویستییەکانی سەلامەتیی نەخۆش، هۆڵی نەشتەرگەری و چاودێریی دوای نەشتەرگەری بەردەست و دابینکراو بوون یان نا؟"
لە کۆتاییدا، داوا دەکات لە رێگەی "لێژنە و تیمی پسپۆڕی گشتگیرەوە بە بەشداریی دادگە و پزیشکی دادی لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر رووداوەکە بکرێت و لە کۆتاییدا بڕیاری پێویست بدرێت."


