رووداو - تەندروستی
دوای گیانلەدەستانی سارا تەحسین تەمەن 21 ساڵ لە یەکێک لە نەخۆشخانە تایبەتەکانی شاری هەولێر، دێسکی تەندروستیی تۆڕی میدیایی رووداو قسەی لەگەڵ ئەو پزیشکە کرد کە نەشتەرگەرییەکەی ئەنجامداوە.
دێسکی تەندروستیی رووداو لەو پزیشکەی پرسی، چۆن بوو بڕیارتدا نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەیەک بکەی کە بە بڕیاری وەزارەتی تەندروستی ژووری نەشتەرگەرییەکەی داخراوە؟ پزیشکەکە ئامادە نەبوو وەڵامی ئەمە بداتەوە، بەڵام گوتی ''لەکاتی نەشتەرگەریدا هەموو رێکارە زانستییەکانم جێبەجێ کردووە''.
د. مەحموود سعود، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی و پزیشکی سەرپەرشتیاری نەشتەرگەرییەکە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رێکارەکانی نەشتەرگەریی من هیچ گرفتێکی دروست نەکردووە، بەڵکو هەموو رێکارە زانستییەکانم لەکاتی نەشتەرگەرییەکەدا جێبەجێ کردووە."
هەروەها دێسکی تەندروستی رووداو ئەوەشی لە پزیشکەکە پرسی کە ئایا دەکرێت لە شوێنێک نەشتەرگەریی بکەی لە چاودێریی چڕی نییە؟ پزیشکەکە بە بیانووی بەلاڕێدا نەکردنی رێڕەوی یاسایی، ئامادە نەبوو ئەمەش وەڵام بداتەوە.
د. مەحموود سعود دەڵێت "ئامادەم بچمە بەردەم دادگە و لیژنەی یاسایی و زانستی، یاسا هەر بڕیارێک بدات من پێوەی پابەند دەبم. ."
دوای مردنی سارا تەحسین، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پاڵپشت بە یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2020 تایبەت بە مافی نەخۆش و پەیڕەوی ژمارە 16ی ساڵی 2022 تایبەت بە لێکۆڵینەوە، نەخۆشخانەکە دادەخرێت و ئیدارەی نەخۆشخانە و ئەنجامدەرانی سەرپێچییەکانیش رەوانەی دادگا دەکرێن.


