رووداو - تەندروستی
بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستیی هەرێمی کوردستان جەخت لە کاریگەریی ئەرێنیی کامێراکانی تۆمارکردنی خێرایی لەسەر کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتووچۆ و گیانلەدەستدان دەکەنەوە و رایدەگەیێنن، سیستمەکە بووەتە هۆی پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و کەمکردنەوەی گوشار لەسەر دامەزراوە تەندروستییەکان.
د. هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، رایگەیاند، دانانی کامێراکانی تۆمارکردنی خێرایی رۆڵێکی بەرچاوی لە پاراستنی گیانی هاونیشتمانییاندا هەبووە و ئامارەکان کەمبوونەوەیەکی بەرچاو نیشان دەدەن.
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ ئاشکرای کرد: "ساڵانە ژمارەی گیانلەدەستدان بە رووداوی هاتووچۆ لە 300 کەسەوە بۆ 90 کەس کەمبووەتەوە، ئەمەش دەریدەخات کە کامێراکان بە شێوازێکی زانستی و هونەری جێگیر کراون."
د. رێزان ئەنوەر محەممەدئەمین، بەڕێوەبەری بەشی کردە پزیشکییەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دانانی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەرچاوی رووداوەکانی هاتووچۆ. پێشتر رۆژانە رووداوی دڵتەزێن روویاندەدا و ژمارەیەکی زۆر قوربانی لە فریاکەوتنەکان چارەسەر دەکران."
د. رێزان ئەنوەر دەشڵێت: "خۆشبەختانە، سەرەڕای زیادبوونی ژمارەی ئۆتۆمبێل، ئێستا بەهۆی سیستەمی کۆنترۆڵی خێرایی و کامێرا زیرەکەکانەوە، رووداوەکان کەمتر بوونەتەوە و گیانی هاووڵاتییان پارێزراوترە."
ئەو پزیشکە هیوای خواست ئەم سیستەمە لە هەموو ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و رێگە دەرەکییەکان دابنرێت، بۆ ئەوەی رێژەی قوربانییان بگاتە کەمترین ئاست.



