رووداو - تەندروستی
ماوەی نزیکەی 6 مانگ دەبێت لە زۆربەی کافتریاکانی نێو پاڕکی سامی عەبدولڕەحمان نێرگەلە دانراوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئەو پاڕکە شوێنێکی گشتییە و بە سییەکانی پایتەختی کوردستان دادەنرێت.
د. رێباز هەمزە، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە دەڵێت، "پاڕک ئەو کەسانەی لێیە کە دەیانەوێت هەوای پاک هەڵبمژن، زۆرێک لە تووشبووانی نەخۆشیی رەبۆ، بەساڵاچووان و منداڵانی لێیە. نێرگەلە کاریگەریی دەخاتە سەر 10 مەتر نزیک خۆی، بۆیە کاریگەریی دەبێت لەسەر هەموو ئەو کەسانەی کە لەنێو پاڕکەکەدا هەن''.
د. رێباز هەمزە ئاماژەی بەوەشکرد، "جگە لە پیسبوونی هەوا و دابەزینی کواڵیتیی هەوای پاڕکەکە، نێرگەلەکە کاریگەریی لەسەر خاک و گەرمبوونی هەولێریش دەبێت''.



