رووداو - تەندروستی
بەگوێرەی توێژینەوەیەکی مایۆکلینیک، بیرکردنەوەی ئەرێنی و گەشبینی کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر تەندروستیی دڵ هەیە و مەترسیی نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن کەم دەکەنەوە.
د. ستێڤن کۆپیکی، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ لە مایۆکلینیک دەڵێت، نیگەرانی و هەستە نەرێنییەکان کە بەهۆی گوشاری دەروونییەوە دروستدەبن، کار لە جەستە دەکەن، چونکە کاتێک کەسێک تووشی گوشاری دەروونی دەبێت، رۆیشتنی خوێن بۆ دڵی کەم دەبێتەوە.
د. کۆپیکی، باس لەوەش دەکات، مرۆڤ دەتوانێت کاردانەوەی جەستەی بگۆڕێت، بەشێوەیەک کە ئەگەر گەشبین بێت ئەگەری تووشبوونی بە مەترسییەکانی نەخۆشیی دڵ و لوولەکانی خوێن کەم دەبێتەوە.
پسپۆڕانی پزیشکیی دڵ و توێژەرانی مایۆکلینیک جەخت لەوە دەکەنەوە، توێژینەوە نوێیەکان دەریانخستووە کە دۆخی دەروونی، گەشبینی و تەندروستیی جەستەیی پەیوەندییەکی نزیکیان پێکەوە هەیە.


