رووداو - تەندروستی
بۆ یەکەمجار لە جیهاندا؛ تەکنیکێکی نوێ بە یارمەتیی تیشکی سوور تەندروستیی ئەو شانە و ئەندامە دروستکراوانە دەپشکنن کە لە تاقیگەدا بۆ مرۆڤ ئامادە دەکرێن.
توێژینەوەیەکی نوێ لە زانکۆی تێکساس ئەی ئێم.. رێگەیەکی دۆزیوەتەوە، تەنیا بە بەکارهێنانی تیشکێکی سوور، تەندروستیی ئەو شانانە دیاری دەکات کە لە تاقیگەدا بۆ چاندنەوە دروستکراون. ئەم دۆزینەوەیە هیوا بەو نەخۆشانە دەبەخشێت کە پێویستیان بە چاندنی ئەندام و شانەی نوێ هەیە.
پڕۆفیسۆر د. مایکل مەکشەین، سەرۆکی بەشی ئەندازیاری پزیشکی لە زانکۆ ئەمریکییەکە رایگەیاند، تەکنەلۆژیایەکی نوێ لە قۆناخی تاقیگەدایە و تەنیا لەسەر شانە زیندووەکان و ئەو پارچانەی بە خانەی مرۆڤ دروستکراون تاقیکراوەتەوە، بەڵام هێشتا لەسەر مرۆڤی نەخۆش بەکارنەهاتووە.
سوودی ئەم دۆزینەوەیە چییە؟
لە رابردوودا، پزیشکان کێشەیان هەبوو لە دڵنیابوونەوە لەوەی ئایا ئەو شانە چێنراوانەی وەک پێستی دەستکرد، خوێن و ئۆکسجینیان پێدەگات و دەژین. ئێستا، بەهۆی تەکنەلۆژیایەکی نوێوە کە تیشکی سوور بەکاردەهێنێت، دەتوانن بە خێرایی و بەبێ زیانگەیاندن بە شانەکە، لە سەلامەتییەکەی دڵنیاببنەوە.


