رووداو – تەندروستی
شەکری خوێن قەڵخانێکی پارێزەر لە دەوری خانەکانی شێرپەنجە دروستدەکات، ئەمەش وادەکات سیستمی بەرگریی جەستە نەتوانێت خانە شێرپەنجەییەکان بدۆزێتەوە.
لە ئەمریکا هۆکارێکی نوێ دۆزراوەتەوە لەبارەی گەشەکردنی خانەکانی شێرپەنجە و بەپێی توێژینەوەیەک، بوونی شەکری زۆر لە خوێن دەبێتە هۆی ئەوەی شێرپەنجە بەرگێکی پڕ لە شەکر لە دەوری خۆی دروستبکات و خۆی بشارێتەوە لە سیستمی بەرگریی جەستە.
د. کەڤین تارپ، توێژەری سەرەکی لە بەشی شێرپەنجەی پەیمانگەی سانفۆرد بورنهام رایگەیاند، ئەمە توێژینەوەیەکی تاقیگەیی پێشکەوتوو بووە و بۆمان دەرکەوتووە، هۆکارێکی ئەوەی کە سیستمی بەرگریی جەستە کە ناتوانێت کۆنتڕۆڵی خانەی شێرپەنجەیی بکات، بەهۆی زۆریی شەکرە لە خوێندا.
کێشەکە چی بوو؟
خانەکانی شێرپەنجە دەتوانن قەڵخانێکی ئەستوور و پڕ لە شەکر لە دەورووبەری خۆیان دروستبکەن کاتێک لە ناو ژینگەی شێرپەنجەیدا دەبن، بەرزیی شەکری خوێن ئەم قەڵخانە بەهێزتر دەکات و وا دەکات سیستمی بەرگریی جەستە نەتوانێت بیانناسێتەوە و لەناویان ببات.
چارەسەرەکە چییە؟
پەیمانگەی سانفۆرد دەڵێن؛ ئەگەر بتوانرێت لەڕێگەی دەرمان یان تەکنەلۆژیای نوێوە رێگری لە دروستبوونی ئەمە بكرێت بۆ نموونە لەڕێگەی کۆنتڕۆڵکردنی پرۆتینی HSF1، خانە شێرپەنجەییەکان ئاشکرا دەبن و سیستمی بەرگریی جەستە زۆر بە ئاسانی دەتوانێت بیانناسێتەوە و لەنێویان ببات.


