رووداو - تەندروستی
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی نوێترین ئاماری قوربانییانی ئیبۆلا لە کۆنگۆ ئاشکرا دەکات و دەڵێت، ئێستا زیاتر لە شەش هەزار تووشبوو تۆمار کراون و ئەمە دووەم خێراترین پەتای جیهانییە کە تاوەکو ئێستا تۆمار کرابێت لەو وڵاتە.
د. تێدرۆس ئادهانۆم، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایدەگەیێنێت ''لەگەڵ هاوبەشەکانمان کار دەکەین بۆ پێشخستنی هەر سێ ڤاکسینەکە بۆ تاقیکردنەوەکانی داهاتوو لە کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ کە لە مانگی تشرینی یەکەم یان تشرینی دووەم دەستپێدەکات''.
ئەم ساڵ ئیبۆلا لە مانگی ئادارەوە لە کۆنگۆ بڵاو بووەوە؛ لە مانگی 5ـی ئەم ساڵەوە ژمارەی تووشبووان 64 و ژمارەی گیانلەدەستدان 6 بووە، بەڵام لە کۆتا رۆژی مانگی 8ـدا ژمارەی تووشبووان بووە بە 6186 و گیانلەدەستدان بووە بە 3007.
ئەمە ڤایرۆسێکی کوشندە و مەترسیدارە کە دەبێتە هۆی خوێنبەربوون، تائێستا جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسەکە هیچ دەرمان و ڤاکسینێکی نییە. جۆرە نوێیەکەی ناوی بوندیبوگیۆیە و ئەم ساڵ لە چوار وڵات پەیدا بوو (کۆنگۆ، ئۆگەندا، فەرەنسا و ئەڵمانیا).
ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە ئەفریقا دەڵێت، ئەگەری هەیە ژمارەی قوربانییان ببێتە سێ هێندەی ئێستا.
ئەوەشی رێگر بووە لە کۆنتڕۆڵکردنی ڤایرۆسەکە، ململانێی چەکداری و هەژاریی ژێرخانی ئابوورییە لە کۆنگۆ.



