رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان داخستنی نەخۆشخانەیەکی تایبەتی لە شاری هەولێر و رەوانەکردنی ستافەکەی بۆ دادگا راگەیاند، ئەوەش دوای گیانلەدەستدانی کچێکی تەمەن 21 ساڵ لە کاتی نەشتەرگەریدا.
ئەمڕۆ دووشەممە، 2ی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی تەندروستی لە راگەیەندراوێکدا وردەکاریی رووداوێکی "کوشندە"ی لە یەکێک لە نەخۆشخانە ناحکومییەکانی هەولێر بڵاوکردەوە. بەپێی راگەیەندراوەکە، دوای گیانلەدەستدانی نەخۆشێکی ئافرەت کە تەمەنی 21 ساڵ بووە، تیمەکانی پشکنین دەستبەجێ بەدواداچوونیان کردووە و کۆمەڵێک سەرپێچیی مەترسیداریان ئاشکرا کردووە. سەرەنجام نەخۆشخانەکەیان داخستووە.
وەزارەکەتە دەڵێت: دوابەدوای گیانلەدەستدانی نەخۆشێکی ئافرەت تەمەن 21 ساڵ لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تایبەت (ئەهلی) لە شاری هەولێر، دەستبەجێ لەلایەن تیمەکانی پشکنین و بەدواداچوون سەردان و بەدواداچوونی مەیدانی کرا، بە پێویستمان زانی بۆ رای گشتی رایبگەیەنین کەوا:
1- پزیشکی نەشتەرگەر هیچ رێگەپێدانی کارکردنی نیە لەو نەخۆشخانەیە.
2- نەبوونی میلاکی ئەو پزیشکە لە لیستی میلاکی رێگەپێدراوانی وەزارەت بۆ کارکردنی لەم نەخۆشخانەیە.
3- ئەنجامدانی نەشتەرگەری فریاکەوتن بەبێ بوونی فریاکەوتن و بەبێ بوونی هۆڵی چاودێری چڕ لەم نەخۆشخانەیە.
4- لەبە نەبوونی سەلامەتی نەخۆش و گونجاونەبوونی ئەم نەخۆشخانەیە و پابەندنەبوون بە رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی، دوو مانگە لەسەرەتای مانگی شەشی ئەم ساڵەوە دوو بەفەرمی هۆڵەکانی نەشتەرگەری لەلایەن وەزارەتی تەندوستی داخراوە و بەبڕیار کارکردن تێدا راگیراوە، بەڵام بەداخەوە پزیشکی نەشتەرگەری و پزیشکی سڕکردن و ئیدارەی نەخۆشخانە بە رێگای دیکەی نافەرمی و بەشێوازی نایاسایی بەدەرگای دیکەی نافەرمی چوونەتە ژرەوە و کاریان کردووە.
5- ئەنجامدەرانی نەشتەرگەری و ئیدارەی نەخۆشخانە، سەرپێچی بڕیاری وەزارەتیان کردووە و پابەند نەبوونە، دەرەنجام نەخۆش گیانی لەدەستداوە.
وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان "پاڵپشت بە بڕگەی لە یاسای ژمارە 4 ی ساڵی 2020 تایبەت بە مافی نەخۆش و پەیڕەوی ژمارە16 ساڵی 2022 تایبەت بە لێکۆڵینەوە، ئەو نەخۆشخانەیە دادەخرێت و ئیدارەی نەخۆشخانە و ئەنجامدەرانی سەرپێچی هەواڵەی دادگا دەکات بۆ وەرگرتنی رێکاری یاسایی."
وەزارەتەکە دەشڵێت: "لێرەوە جارێکی دیکە رایدەگەیەنین کەوا پێویستە تەواوی نەخۆشخانەکانی ئەهلی و سەنتەر و کۆمەڵگاکانی پزیشکی کەرتی تایبەت پابەندبن بە کارکردن بەپێی بوونی مۆڵەتی بەرکار و پزیشکان و کارمەندان و فەرمانبەرانیش پێویستە بەفەرمی ناویان لە لیستی رێگەپێدراوی وەزارەتی تەندروستی هەبێت بۆ کارکردن لەو شوێنەی کاری تێدا دەکات. بەپێچەوانەوە سەرپێچی یاسیاییە و بەرپرسیار دەبن بەرامبەر رێکارەکانی دادگا."


