رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە سلێمانی دەریدەخات، زیاتر لە یەک لەسەر سێی ئەو کەسانەی تەمەنیان 60 ساڵ و زیاترە، نیشانەکانی کەمبوونەوەی توانای مێشکیان هەیە.
توێژینەوەکە لەلایەن پسپۆڕانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و بە هاوبەشی لەگەڵ توێژەرێکی زانکۆی مالیزیا لەسەر 400 کەسی بەتەمەن ئەنجامدراوە و دەرکەوتووە، یەک لەسەر سێی ئەو کەسانەی سەروو 60 ساڵن، نیشانەکانی کەمبوونەوەی توانای مێشکیان هەیە، وەک لاوازبوونی فێربوون و زیادبوونی لەبیرچوونەوە.
د. هەیسەم ئەسیم، پسپۆڕی دەروونی و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە رایگەیاند، "پشکنینمان بۆ توانای مێشک، بیرەوەری و چالاکییەکانی رۆژانەی 400 کەسی بەتەمەن کرد،و بۆمان دەرکەوت 31%یان نیشانەکانی کەمبوونەوەی توانای فێربوون و لەبیرچوونەوەیان هەبوو."
د. هەیسەم ئەسیم دەڵێت " پەیوەندییەکی بەهێزمان لەنێوان کەمبوونەوەی توانای مێشک و گرفتەکانی بیستن، بینین، خەمۆکی و لاوازیی جەستەیی دۆزیوەتەوە"
توێژینەوەکە ئاماژە بەوەدەکات، مەترسییەکە لەنێو خانمان (50٪) و کەسانی خاوەن داهاتی نزم (51٪) زیاتر بووە، هەروەها لە تەمەنی 90 ساڵی و سەرووتردا، رێژەکە بۆ 72٪ بەرز بووەتەوە.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، ساڵانە نزیکەی 10 ملیۆن حاڵەتی نوێی لەبیرچوونەوە لە جیهاندا تۆمار دەکرێن و نەخۆشیی ئەڵزەهایمەر باوترین جۆریانە.
.png&w=3840&q=75)
.png&w=3840&q=75)
.png&w=3840&q=75)
