رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی چاو ئاشکرای دەکات، رۆژانە خەڵک دەبینین کە بەهۆی پێنەزانینی شەکرەکەی یاخود بەهۆی پشتگوێخستنی کێشەکانی چاوی، بیناییان نزیک بووە لە لەدەستدان یاخود زۆر لاواز بووە.
د. شۆخ وەهاب، پسپۆڕی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی چاو لە سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، ئەگەر شەکرە کۆنتڕۆڵ نەکرێت یاخود بەرز بێت و پێی نەزانرابێت، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر تۆڕەی چاو دەبێت و دوور نییە بە لەدەستدانی بینایی کۆتایی بێت.
ئەو پسپۆڕە روونی دەکاتەوە، بەهۆی ئەوەی چاو پڕە لە ملوولەی خوێنی بچووک و لەوێوە خوێن بۆ بەشەکانی دەڕوات، کاتێک رێژەی شەکرە لە خوێندا زۆر دەبێت، وەکو هەموو بەشێکی جەستە راستەوخۆ دەچێت بۆ چاو و تووشی کێشەی دەکات.
دەقی وەڵامەکانی د. شۆخ وەهاب لەبارەی شەکرە و تەندروستیی چاو
رووداو: نەخۆش هەبووە بەهۆی کۆنتڕۆڵنەکردنی شەکرەکەی یاخود پێنەزانینی، چاوی لەدەستدابێت؟
د. شۆخ وەهاب: زۆر نەخۆشی وا هاتووە بۆلامان کە بەهۆی کۆنتڕۆڵنەکردنی شەکرەکەی یاخود پێنەزانینی ئەوەی کە شەکرەی هەیە، کاریگەریی هەبووە لەسەر چاوی و بینایی نزیک بووە لە لەدەستدان، رۆژێکیان پیاوێکی 44 ساڵ هاتە کلینیک و هەستی بە لێڵبوونی بینایی کردبوو، بەشێوەیەک کە رۆژی پێش هاتنی بۆ کلینیک بە تەواوی لێڵبوونەکە زیادی کردبوو، ئەو پیاوە گوێی بە نیشانەکانی نەدابوو، هیچ نیشانەیەکی رووکەشیشی نەبوو بۆ شەکرە و نەخۆشیی دیکە، ئیدی کە پشکنینمان بۆی کرد، شەکرەکەی دوو ئەوەندەی ئاستی ئاسایی بوو و تۆڕەی چاویشی وێران بووبوو.
رووداو: چ نیشانەیەک لە چاو ببیندرێت، ئاماژەیە بۆ کاریگەریی شەکرە لەسەر بینایی؟
د. شۆخ وەهاب: چەند کاریگەرییەک هەن بۆ ئەوەی کەسەکە بزانێت، شەکرەیەتی و داویەتی لە چاوی وەکو
- وشکبوونەوەی چاوەکان
- لێڵبوونی بینین
- ئاوسانی تۆڕەی چاو
- خوێنبەربوونی لوولەخوێنەکانی چاو
- بەرزبوونەوەی پەستانی چاو
- دروستبوونی ئاوی رەشی چاو
رووداو: پێویستە دوای چ تەمەنێک پشکنینی چاو بکرێت؟
د. شۆخ وەهاب: ئەگەر کەسێک تووشبووی جۆری یەکەمی شەکرە بوو، پێویستە لە پێنج ساڵی یەکەمدا پشکنینی چاوی بکات، بەڵام ئەگەر تووشبووی جۆری دووەمی شەکرە بوو، پێویستە دەستبەجێ و هەر لەگەڵ دەستنیشانکردنی شەکرەکەی پشکنینی چاو بکات.
رووداو: بۆچی شەکرە لە چاو دەدات، یاخود چ هەڵەیەکە وا لە کەسەکە دەکات، شەکرەکەی چاوی کوێر بکات؟
د. شۆخ وەهاب: بەهۆی ئەوەی چاو پڕە لە ملوولەی خوێن و لەوێوە خوێن بۆ بەشەکانی دەڕوات، کاتێک رێژەی شەکر لە خوێندا زۆر دەبێت، وەکو هەموو بەشێکی جەستە راستەوخۆ دەچێت بۆ چاو و تووشی کێشەی دەکات. پێویستە ئەوانەی پشکنینی شەکرەیان دەکەن، لەگەڵیشیدا پشکنینی چاویان بکەن، چونکە هەڵەیە کەسێک شەکرەی هەبێت و دەرمانی شەکرە بخوات، بەڵام پشکنینی چاو نەکات. کۆنتڕۆڵنەکردنی شەکرەش هۆکارێکە بۆ کوێربوون.
رووداو: ئەوانەی شەکرەیان هەیە، چۆن چاویان بپارێزن و نەهێڵن کاریگەریی نەرێنی لەسەر چاویان بکات؟
د. شۆخ وەهاب: گرنگترین خۆپارێزییەکان لە نەخۆشییەکانی چاو بۆ تووشبووانی شەکرە ئەمانەن؛
- کۆنتڕۆڵکردنی رێژەی شەکری خوێن بە خۆپارێزی و بەکارهێنانی دەرمانەکانی شەکرە.
- شەش مانگ جارێک سەردانی پزیشکی چاو بکرێت.
رووداو: ئایا ئاوی سپیی چاو بەهۆی شەکرەوە دروستدەبێت؟
د. شۆخ وەهاب: بە دڵنیاییەوە شەکرە یەکێکە لە هۆکارەکانی ئاوی سپیی چاو، چونکە لە تووشبووانی شەکرەدا زووتر ئاوە سپییەکە دروستدەبێت و زیاتریشە.
.png&w=3840&q=75)


.png&w=3840&q=75)