رووداو - تەندروستی
شیزۆفرینیا نەخۆشییەکی دەروونیی درێژخایەنە، کار لە شێوازی بیرکردنەوە، هەست و رەفتاری کەسی تووشبوو دەکات، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاندووە، لە هەر 300 کەسێک لە جیهاندا یەکێکیان تووشی شیزۆفرینیا بووە، واتە نزیکەی 0.35٪ـی دانیشتووانی جیهان.
بەپێی رێکخراوەکە، نیشانەکان زۆرجار لە کۆتایی تەمەنی نەوجەوانی یان سەرەتای پێگەیشتندا دەردەکەون، سەرەڕای بوونی چارەسەر، بەڵام زیاتر لە 50٪ـی تووشبووان چاودێریی پزیشکیی پێویست وەرناگرن، تووشبووان زۆرجار رووبەڕووی جیاکاری و پێشێلکردنی مافەکانیان دەبنەوە.
تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، دیارترین نیشانەکانی شیزۆفرینیا بریتین لە (وڕێنەکردن، تێکچوونی قسەکردن و دوورکەوتنەوە لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان) کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ژیانی رۆژانەی تووشبوو دروستدەکات.
لەم بارەیەوە دکتۆر محەممەد عیرفان، پزیشکی پایەبڵندی نەخۆشییە دەروونییەکان لە هەولێر بە رووداوی راگەیاند، سەرەڕای نەبوونی ئاماری فەرمی لە هەرێمی کوردستان، بەپێی ئامارە نافەرمییەکان رێژەی تووشبوون بە نەخۆشییەکە هاوشێوەی رێژەی جیهانییە و نزیکەی 0.5٪ بۆ 1٪ی دانیشتووان پێکدێنێت.
دکتۆر محەممەد عیرفان گوتی، بەپێی چەند لێکۆڵینەوەیەک لە عێراق، نزیکەی 70٪ بۆ 80٪ـی تووشبووانی شیزۆفرینیا پێش ئەوەی سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەن، سەردانی سەید، شێخ و مەلا دەکەن.

.png&w=3840&q=75)

.png&w=3840&q=75)