رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە زانکۆی فلیندەرز لە ئوسترالیا دەریدەخات، خواردنەوەی زیاتر لە پێنج کووپ قاوە لە رۆژێکدا رەنگە ئێسک لاواز بکات.
پرۆفیسۆر د.ئینو لیو، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: "رەنگە خواردنەوەی بڕێکی زۆر قاوە بەتایبەت لە خانمانی بەساڵاچوو ببێتە هۆی کەم بوونەوەی هەڵمژینی کالیسیۆم و ڤیتامین D کە بۆ تەندروستیی ئێسکەکان گرنگن".
توێژینەوەکە بۆ ماوەی 10 ساڵ چاودێریی نزیکەی 10 هەزار خانمی تەمەن 65 ساڵ و سەرووتری کردووە، کۆمەڵێک لەو خانمانە رۆژانە چایان خواردووەتەوە، کۆمەڵەکەی دیکە بڕی زیاد لە پێویست قاوەیان خواردووەتەوە، تێیدا دەرکەوتووە ئەو خانمانەی رۆژانە چایان خواردووەتەوە، چڕی ئێسکی حەوزیان بەرزتر بووە لەوانەی نەیانخواردووەتەوە.
د.ئینو لیو ئاماژە بەوەش دەکات، پێکهاتەکانی ناو چا کە پێیان دەگوترێت کاتێچین، لەوانەیە یارمەتیدەر بن بۆ دروستبوونی ئێسک و بە پێچەوانەوە، کافاینی ناو قاوە لە تاقیکردنەوەکاندا دەرکەوتووە کە رێگری لە مژینی کالیسیۆم و مێتابۆلیزمی ئێسک دەکات ئەگەر بە بڕێکی زۆر وەربگیرێت.
ئەمەش بزانە
بەگوێرەی دامەزراوەی خۆراک و دەرمان FDA لە ئەمریکا، چوار بۆ پێنج کووپ قاوە لە رۆژێکدا ئاساییە بخورێتەوە و نابێت زیادەڕۆیی لە خواردنەوەی قاوەدا بکرێت، چونکە بە پێچەوانەوە چەندان لێکەوتی خراپ لەسەر تەندروستی و دەروونی کەسەکە دروستدەکات.
کۆمەڵەی خۆراک لە ئەمریکا ئاشکرای دەکات، کافایین و پۆلیفینۆڵەکان مادەی سەرەکیی نێو قاوەکانن و قاوەی ئێسپرێسۆ بەراورد بە جۆرەکانی دیکەی قاوە بەرزترین رێژەی کافاینی تێدایە.
.png&w=3840&q=75)


