رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی ئیلینۆی ئۆربانا-شامپاین لە ئەمریکا، دەریدەخات کە (سوپاسگوزاری و گەشبینی) دەتوانن تەندروستیی دڵ و لوولەکانی خوێن باشتر بکەن.
پڕۆفیسۆر د. رۆزالبا هێرناندێز، پڕۆفیسۆر لە بواری کاری کۆمەڵایەتی و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە رایگەیاند، "راهێنانی دەروونی رۆژانە بۆماوەی 8 بۆ 12 خولەک کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر پەستانی خوێن، هەوکردن و تەندروستیی دڵ دەبێت''.
توێژینەوە ئەمریکییەکە ئاماژە بەوەش دەکات، خۆراکی تەندروست، خەوی پێویست، چالاکیی جەستەیی هاوشانی راهێنانە دەروونییەکان بەشدارن لە باشترکردنی تەندروستیی دڵ و لوولەکانی خوێن.
بەپێی کۆمەڵەی دڵ لە ئەمریکا، خۆشبەختانە 80٪ـی نەخۆشییەکانی دڵ دەتوانرێ کۆنتڕۆڵبکرێت بەم شێوەیە؛
- گۆڕینی شێوازی ژیانی تەندروست
- کەمکردنەوەی خۆراکی چەور و سوێر
- نەخواردنەوەی مادە کحولییەکان
- نەکێشانی جگەرە و نێرگەلە
- وەرزش و جووڵەی رۆژانە
- کەمکردنەوە و کۆنتڕۆڵکردنی گوشاری دەروونی
- کۆنتڕۆڵکردنی شەکر، چەوری و پەستانی خوێن
- رێگریکردن لە قەڵەوی
- وەرگرتنی دەرمان لەکاتی هەبوونی نەخۆشییە درێژخایەنەکان
- ئەنجامدانی پشکنینی پێشوەختە لەکاتی بوونی نیشانەکانی سینگئێشە، هەناسەتەنگی، دڵەکوتی، سڕبوونی دەست و قاچەکان و ئەستووربوونی پێیەکان.
- بینینی پزیشکی پسپۆڕ و پزیشکانی هەناوی



