رووداو - تەندروستی
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایدەگەیێنێت، تێکچوونە دەروونییەکان بوونەتە یەکێک لە دیارترین کێشە تەندروستییە جیهانییەکان.
رێکخراوەکە ئاشکرای دەکات نزیکەی 1 لە هەر 7 کەسێک لەسەر ئاستی جیهان، کە ژمارەیان بە زیاتر لە 1.1 ملیار کەس مەزەندە دەکرێت، بەدەست یەکێک لە جۆرەکانی تێکچوونی دەروونییەوە دەناڵێنن، لەنێو ئەم تێکچوونانەشدا دڵەڕاوکێ و خەمۆکی بە باوترین و بەربڵاوترینیان دادەنرێن.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی جەخت لەوە دەکاتەوە، سەرەڕای ئەوەی کە رێگەچارەی کاریگەر و فریاگوزاریی زانستی بۆ خۆپارێزی و چارەسەرکردنی زۆربەی کێشە دەروونییەکان لەبەردەستن، گرفتە گەورەکە ئەوەیە کە زۆرینەی ئەو کەسانەی پێویستیان بەم چاودێرییە هەیە، دەستیان پێی ناگات. ئەمەش لە کاتێکدایە کە زۆرێک لە تووشبووان، جگە لە ئازاری نەخۆشییەکەیان، رووبەڕووی شەرمەزاریی کۆمەڵایەتی ، جیاکاری و تەنانەت پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤیش دەبنەوە، کە ئەمەش باری دەروونییان قورستر دەکات و رێگری دەکات لە داواکردنی یارمەتی .
تێکچوونی دەروونی بریتییە لە دەرکەوتنی تێکچوونێکی بەرچاو و کلینیکی لە ئاستی بیرکردنەوە، رێکخستنی سۆز و هەستەکان، یان رەفتاری تاکەکەسدا. ئەم بارە نائاساییە زۆرجار پەیوەستە بە هەستکردن بە ئازار و نائارامییەکی زۆر، یان دەبێتە هۆی پەککەوتن و کێشە لە ئەنجامدانی کارە گرنگەکانی رۆژانەدا.

.png&w=3840&q=75)

