رووداو - تەندروستی
دەرمانسازێک نامەی بۆ پەیجی رووداوی تەندروستی ناردووە و گلەیی ئەوەی کرووە، نرخی دەرمانێکی کۆمپانیای پایۆنیر لە پێنج هەزار دینارەوە بۆ 10 هەزار و 500 دینار بەرز بووەتەوە، بەڕێوەبەرێکی کۆمپانیاکەش هاتە دەنگ و دەڵێت، نرخ لە هەموو پارێزگاکان وەکو یەکە و گران نەبووە.
دکتۆر سوورکێو سالار، پزیشکی دەرمانساز لە سلێمانی پەیجی رووداوی تەندروستی ئاگادار کردووەتەوە و گوتویەتی: "پێشتر دەرمانی کۆمپانیای پایۆنیرم بە هەرزانتر بەدەستدەکەوت، بەڵام لەوکاتەوەی ستیکەری بۆ دەرچووە، نرخی دەرمانەکە گران بووە''. ئەو پزیشکە دەرمانسازە دەرمانی نۆڤۆمیت بە نموونە دەهێنێتەوە کە پێشتر بە نزیکەی 5 هەزار دینار فرۆشراوە، بەڵام ئێستا گرانتر بووە.
لە بەرامبەردا، د. شوان کەمال، بەڕێوەبەری گشتیی کواڵیتیی کارگەی دەرمانی پایۆنیر لە سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: "ئێمە پابەندین بە کواڵیتیی بەرهەمهێنانی دەرمان بۆ تەواوی هەرێمی کوردستان و عێراق، نرخی دەرمانی نۆڤۆمیت کە بۆ بریکارەکان دەچێت، لە کارگەوە بۆ هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان هەمان نرخە و هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نایەت''.
هەروەها نوێنەرێکی پزیشکی (مەندوب)ـی کۆمپانیای پایۆنیر بە رووداوی گوت، زۆربەی دەرمانخانەکان دەرمانی نۆڤۆمیت بە کەمتر لە نرخی ستیکەر دەفرۆشن و زۆرجار بریکارەکانی کۆمپانیاکە داشکاندن پێشکێشی دەرمانخانەکان دەکەن، بۆیە هیچ کاتێک بە گران نەفرۆشراوە.
.png&w=3840&q=75)


