رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەكی نوێ كە لە گۆڤاری Nature Aging بڵاو كراوەتەوە و دەریخستووە؛ گرتنەبەری رێكاری تەندروست لە ژیاندا دەتوانێت مەترسییەكانی پەككەوتەبوون لە بەساڵاچوواندا كەم بكاتەوە، تەنانەت هۆکارێکیش دەبێت بۆ تەمەندرێژییان.
توێژینەوەكە ئاشكرای كردووە، ئەو بەساڵاچووانەی پابەندبوون بە بەرنامەیەكی گۆڕینی شێوازی ژیان، مەترسیی پەککەوتنی جووڵەیی یان ئەگەری لەناکاو مردنیان بە رێژەی 22٪ كەمی كردووە.
یەكێك لە دۆزینەوە هەرە گرنگەكانی توێژینەوەكە ئەوەبوو كە ئەو بەساڵاچووانەی كێشەی تەندروستیی دەروونییان هەبووە، زۆرترین سوودیان لە گۆڕانكارییەكان بینیوە و مەترسییەكانیان بە رێژەی 35٪ كەم بووەتەوە.
داڤیدێ لیبۆریۆ ڤێترانۆ، نووسەری سەرەكیی توێژینەوەكە دەڵێت، ئەو كەسانەی نەخۆشییەكانی دڵ و كۆئەندامی هەناسەیان هەیە، پێویستیان بە پلانی چارەسەریی تایبەت هەیە، چونكە وەڵامدانەوەی جەستەیان بۆ گۆڕانكارییەكان جیاوازە.
ئەم توێژینەوەیە بانگەوازێكە بۆ داڕشتنی رێكاری پزیشكی و خۆپارێزیی تایبەتمەند بۆ هەر بەساڵاچوویەك، بە لەبەرچاوگرتنی جۆری نەخۆشییەكەی تاوەكو ژیانێكی تەندروست و باشتر بەڕێبكەن.



