رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە زانکۆی فلۆریدا ئەتلانتیک دەریخستووە، خواردنی خۆراکە زۆردەستکاریکراوەکان مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی پڕۆستات لە پیاواندا زیاد دەکات.
توێژینەوەکە لەسەر زیاتر لە 17 هەزار پیاوی ئەمریکی کراوە و دەرکەوتووە، ئەو پیاوانەی پشتیان بەم جۆرە خۆراکانە بەستووە، مەترسیی تووشبوونیان بە شێرپەنجەی پڕۆستات بە رێژەی 24٪ بۆ 31٪ زیاتر بووە، تەنانەت دوای لەبەرچاوگرتنی هۆکارەکانی دیکەی وەک تەمەن، جگەرەکێشان و باری کۆمەڵایەتی.
خۆراکە زۆر دەستکاریکراوەکان بریتین لە خواردنەوە گازییەکان، شەربەتی لەقوتوونراو، خواردنی خێرا و پاکەتکراو (وەک چپس و پسکیت) و گۆشتی دەستکاریکراو (سۆسج و هەمبەرگەر).
بەپێی کۆمەڵەی شێرپەنجە لە ئەمریکا، شێرپەنجەی پڕۆستات، باوترین جۆری شێرپەنجەییە لەنێو پیاوان لە ئەمریکا و دووەم هۆکاری گیانلەدەستدانە بە شێرپەنجە لەدوای شێرپەنجەی سییەکان، پسپۆڕان رێنوێنیی دەدەن، بە کەمکردنەوەی خواردنی خۆراکە دەستکاریکراوەکان و پشتبەستن بە خۆراکی سرووشتی بۆ پاراستنی تەندروستی.



