رووداو - تەندروستی
ئەمڕۆ د. ئەڵماس مەنسووڕ، دامەزرێنەری پسپۆڕیی خانمان و منداڵبوون لە دهۆک کۆچی دواییکرد و هاوڕێیەکی دەڵێت، بەهۆی بەساڵداچوونی، کەوتووە و جومگەی حەوزی دەرچووە، ئیدی دوای نەشتەرگەریی گۆڕینی جومگەکەی بەرە بەرە دۆخی تەندروستی خراپ بووە.
د. ئەڵماس مەنسووڕ، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون ئەم بەیانییە لە دهۆک کۆچی دواییکرد، پزیشكێکی هاوڕێی بە رووداوی راگەیاند، لە ساڵانی رابردوودا نەشتەرگەریی چارەسەریی شێرپەنجەی پەنکریاسی بۆ کراوە. ئەم ساڵیش بەهۆی کەوتنییەوە نەشتەرگەریی گۆڕینی جومگەی حەوزی بۆ کرا.
ئەو هاوڕێییەی گوتی: دوای گۆڕینی جومگەی حەوزی، دۆخی تەندروستی رۆژ بە رۆژ بەرەو خراپی دەڕۆیشت، تا وایلێهات بگاتە ئەوەی نزیکەی 10 رۆژ لە چاودێریی چڕ بخەوێندرێت و ئەمڕۆ گیان لەدەستبدات.
پزیشکەکەی ئەوەشی باس کرد کە د. ئەڵماس بایەخێکی زۆری بە شێوازی ژیانی تەندروست و رووخساری دەدا، تەمەنێکی باشیش لە وانەگوتنەوەی پزیشکان و خزمەتکردنی نەخۆشانی بەسەربردووە، تەنانەت دامەزرێنەری پسپۆڕیی خانمان و منداڵبوون بووە لە دهۆک و لەژێر سەرپەرشتیی ئەودا، سەتان پزیشک پسپۆڕییەکەیان بەدەستهێناوە.

.png&w=3840&q=75)

