رووداو - تەندروستی
ناڕێکیی لێدانی دڵ بەهۆی تێکچوونی تەوژمە کارەباییەکانی دڵەوە روودەدات، کە کۆنتڕۆڵی خێرایی و ریتمی لێدانی دڵ دەکەن.
بەپێی ناوەندی مایۆکلینیک، هەندێک جۆری ناڕێکیی لێدانی دڵ بێزیانن یان نیشانەی سووکیان هەیە و پێویستیان بە چارەسەر نییە، بەڵام هەندێکی دیکەیان دەکرێت مەترسیدار بن و تەندروستیی کەسەکە بخەنە مەترسییەوە.
د. کریستینا بێر، پزیشکی پسپۆڕ لە ناوەندی مایۆکلینیک روونی دەکاتەوە، لەهۆشچوونی لەناکاو یان بوورانەوە نیشانەیەکی جیدییە و پێویستی بە سەردانی دەستبەجێی بەشی فریاکەوتن هەیە. بە هەمان شێوە، خێرا لێدانی نائاسایی دڵ، گێژبوون و سەرسووڕان، هۆکاری دیکەن بۆ ئەوەی بەپەلە بچیتە بەشی فریاکەوتن.
د. بێر ئاماژە بەوەش دەکات، خاڵێکی دیکە کە جێگەی مەترسیی و سەرنجە بەتایبەتی لە نەخۆشە گەنجەکاندا بوونی مێژووی خێزانییە لە نەخۆشییەکانی دڵ یان مردنی لەناکاوی دڵدا.
رەنگە کەسێکی گەنج هەست بە هیچ کێشەیەکی تەندروستی نەکات، بەڵام زانینی بوونی مێژووی خێزانی زۆر گرنگە چونکە هانی دەدات پێشوەختە پشکنینی رێگریی بکات یان لەگەڵ دەرکەوتنی یەکەم نیشانەدا خێرا سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکات.



