رووداو - تەندروستی
مایۆکلینیک رایدەگەیێنێت، خەوتن بە قژی تەڕەوە ئەگەری تووشبوون بە هەڵامەت و ئەنفلەوەنزا زیاد دەکات، چونکە ژینگەیەکی لەبار بۆ چوونە ژوورەوەی ڤایرۆسەکان بۆ نێو جەستە دروستدەکات و مانەوەی قژ بە تەڕی بەتایبەت لە زستاندا ئەگەری تووشبوون بە هەوکردنە کەڕووییەکان و کڕێشک زیاد دەکات.
دکتۆر میچڵ گرین، پزیشکی پسپۆڕی پێست و جوانکاری لە شاری نیویۆرک روونی دەکاتەوە، "تاڵە قژە تەڕەکان زۆر ناسکترن لە تاڵە قژە وشکەکان هەروەها کاتێک قژ تەڕ دەبێت، زیاتر لاستیکی دەبێت و پێکهاتە پرۆتینییەکەی لاواز دەبێت، ئەمەش وای لێدەکات ناسکتر بێت و زیاتر ئەگەری پچڕانی هەبێت''.
پچڕان تاکە کێشە نییە کە پەیوەندی بە خەوتن بە قژی تەڕەوە هەبێت. دکتۆر ئانا چاکۆن، پزیشکی پسپۆڕی پێست لە مەیامی لە فلۆریدا، دەڵێت: جگە لە ئەگەری پچڕان و دوولەتبوونی تاڵەکان، خەوتن بە قژی تەڕەوە دەکرێت ببێتە هۆی گەشەکردنی هەوکردنی کەڕوویی لە پێستی سەردا، ئەمەش بەهۆی ئەو ژینگە شێدارەیە کە دروست دەبێت، کە شوێنێکی نموونەییە بۆ گەشەکردنی کەڕووەکان، ئەم شێیە دەکرێت ببێتە هۆی گەشەکردنی ئەم کەڕووانە لەناو سەرینەکەشتدا، کە لە کۆتاییدا زیان بە کۆئەندامی هەناسەت دەگەیێنێت.
هەندێک لەو هەنگاوانەی کە دەتوانیت بیانگریتەبەر بۆ پاراستنی تاڵەکانی قژت، وەکو:
- وشکردنەوەی قژ.
- کۆکردنەوەی قژ.
- بەکارهێنانی سەرینی لۆکەیی، چونکە لێکخشاندنی کەمتر لەگەڵ قژدا دروستدەکەن و لەوانەیە مەترسیی زیانگەیاندن بە قژ کەم ببێتەوە.



