رووداو - تەندروستی
کاتێک دووگیانییەک زوو و بەبێ هۆکارێکی دیاریکراو کۆتایی دێت، زۆربەی کات گەڕان بەدوای هۆکارەکاندا لە دایکەوە دەستپێدەکات، بەڵام توێژینەوەیەکی ئەمریکی ئاشکرای دەکات، رەنگە سپێرمی باوک رۆڵێکی گرنگی هەبێت لەم بابەتەدا.
لە توێژینەوەیەکدا لە زانکۆی ئەی ئەند ئێمی تێکساس لە ئەمریکا، دەرکەوتووە زوو لەبارچوونی کۆرپەلە رەنگە پەیوەندی بە سپێرمی باوکەوە هەبێت و ئەو هۆکارانەش هەمیشە هۆکاری بۆماوەیی نین.
پرۆفیسۆر د. لەیسی لوێنس، پرۆفیسۆری یاریدەدەر و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: هۆکارەکان دەکرێت پەیوەندیان بە ئیپیجێنێتیکـەوە هەبێت، واتە ئەو گۆڕانکارییانەی کە کار لە شێوازی کارکردنی بۆماوەیی نێو سپێرم دەکەن بەبێ گۆڕینی پێکهاتەی DNAـەکە، هەروەها هەمیشە لەبارچوونی کۆرپەلە بە تەنیا پەیوەندیی بە تەندروستیی دایکەکەوە نییە.
پرۆفیسۆر د. لەیسی لوێنس گوتیشی "توێژینەوەکەمان هەوڵدەدات تێبگات چۆن ئیپیجێنێتیکی باوک، کە لە رێگەی سپێرمەوە دەگوازرێتەوە، کاریگەری لەسەر پیتاندن، دووگیانی و تەندروستیی درێژخایەن دادەنێت، یەکێک لەو بەشانەی جەختی لەسەر دەکرێتەوە، بریتییە لە هیستۆنەکان، کە ئەو پڕۆتینانەن کە DNA وەک دەزوو بە دەوریاندا پێچراوەتەوە. توێژینەوەکانی پێشوو دەریانخستووە ئەو پیاوانەی هیستۆنی سپێرمیان نائاساییە، ئەگەری ئەوە زیاترە هاوژینەکانیان تووشی لەبارچوون ببن''.
هۆکارە ئیپیجێنێتیکییەکان ئەو گۆڕانکارییە دەرەکییانەن کە کار لە شێوازی کارکردنی جینەکان دەکەن، ئەمانە هەندێک لەو هۆکارانانە؛
- تەمەن: لەگەڵ چوونە تەمەنەوە، گۆڕانکاریی ئیپیجێنێتیک لە خانەکاندا روودەدات، کە دەتوانێت کار بکاتە سەر تەندروستی.
- شێوازی ژیان: هۆکارەکانی وەکو جگەرە، ڤەیپ، نێرگەلە، خواردنەوەی کحول، کەمخەوی و گوشاری دەروونیی بەردەوام، دەتوانن ببنە هۆی گۆڕانکاریی ئیپیجێنێتیکی ناتەندروست.
-خۆراک: جۆری ئەو خۆراکەی دەیخۆیت کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئیپیجێنێتیک هەیە. بۆ نموونە، خۆراکی دەوڵەمەند بە ڤیتامین و کانزاکان کاریگەریی ئەرێنییان دەبێت.
-ژینگە: بەرکەوتن بە ماددە کیمیاییەکان، پیسبوونی هەوا و ژاوەژاوی بەردەوام دەتوانن گۆڕانکاری لە کارکردنی جینەکاندا دروستبکەن.


.png&w=3840&q=75)