رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە زانکۆی هارڤارد لە ئەمریکا دەریخستووە، فاسۆلیا، نیسک، پاقلە و بازالیا پڕن لەو مادە خۆراکییانەی کە یارمەتیدەرن بۆ دابەزاندنی کۆلیستڕۆڵ.
توێژینەوەکە ئاماژە بەوەدەکات، پاقلەمەنییەکان بڕێکی زۆر ریشاڵیان تێدایە، چەورییان کەمە و کۆمەڵێک ڤیتامین و کانزایان تێدایە ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ.
د. رانی پۆلاک، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە زانکۆی هارڤارد، دەڵێت: "جێگرتنەوەی پاقلەمەنییەکان لە بری ئەو پرۆتین و کاربۆهیدراتانەی کە بۆ تەندروستی باشنین، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ رێگریکردن یان کۆنترۆڵکردنی ئەو حاڵەتە باوانەی کە دەبنە هۆی نەخۆشییەکانی دڵ''.
دکتۆر پۆلاک، دەڵێت "پاقلەمەنییەکان دەبنە هۆی زوو تێربوون، کە دەتوانرێت یارمەتیی خەڵکی بدات کەمتر بخۆن و کێشیان داببەزێنن''.
توێژینەوە ئەمریکییەکە ئاماژە بەوەدەکات خواردنی پاقلەمەنییەکان رەنگە مەترسیی تووشبوون بە شەکرەی جۆری 2 کەم بکاتەوە، لەبەرئەوەی پاقلەمەنییەکان بە خێرایی شەکری خوێن بەرز ناکەنەوە،ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاستی شەکر لە خوێندا.


