رووداو - تەندروستی
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاماژە بەوەدەکات، کوتان ساڵانە ژیانی ملیۆنان منداڵ رزگار دەکات و رێگری لە پەککەوتنی هەمیشەیی وەک ئیفلیجیی منداڵان دەکات.
رێکخراوەکە ئاشکرای دەکات بەپێی ئامارەکان، لە ماوەی 50 ساڵی رابردوودا، ڤاکسینەکان ژیانی زیاتر لە 150 ملیۆن کەسیان رزگارکردووە، کە دەکاتە 6 کەس لە هەر خولەکێکدا، هەروەها رێژەی مانەوەی منداڵانی ساوایان بەڕێژەی 40% زیادکردووە و دەیان ملیۆن منداڵیشی لە کەمئەندامیی هەمیشەیی پاراستووە.
WHO جەخت لەوەدەکاتەوە یەکێک لە گرنگییەکانی کوتان، دروستکردنی "بەرگریی کۆمەڵگە"یە، کاتێک منداڵێک دەکوترێت، تەنیا خۆی ناپارێزرێت، بەڵکو رێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەش دەکات و ئەو منداڵانەش دەپارێزێت کە بەهۆی نەخۆشی یان لاوازیی سیستمی بەرگرییەوە ناتوانن ڤاکسین وەربگرن.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایدەگەیێنێت، تەنیا ڤاکسینی سوورێژە ئەگەری رزگارکردنی ژیانی منداڵانی 60% زیاتر کردووە.


