رووداو - تەندروستی
لە ژاپۆن فرۆشتنی نوێترین دەرمانی شێرپەنجەی سوورێنچک دەستیپێکرد کە لەلایەن کۆمپانیای ئۆنکۆلیس بایۆفاڕمای ژاپۆنییەوە دروستکراوە. دەرمانەکە تەنیا هێرش دەکاتە سەر خانە شێرپەنجەییەکان بەبێ زیانگەیاندن بە خانەی مرۆڤ.
دەرمانەکە بە ناوی Telomelysin (OBP-301) بەردەستە و ڤایرۆسێکی دەستکاریکراوی تێدایە کە هێرش دەکاتە سەر خانە شێرپەنجەییەکان؛ ڤایرۆسەکان زۆردەبن و شێرپەنجەکان لەنێو دەبەن، پارێزگاریش لە شانە تەندروستەکانی دەوروبەری گرێ شێرپەنجەییەکە دەکەن.
تەندروستیی ژاپۆن رایدەگەیێنێت، ئەم دەرمانە لەلایەن کۆمپانیای ئۆنکۆلیس بایۆفارما (Oncolys BioPharma)ـی تۆکیۆییەوە داهێنراوە. کۆمپانیاکە رووبەڕووی بەربەستێکی رێکخەریی ئاڵۆز بووەتەوە لە ژاپۆن بۆ خستنەبازاڕی دەرمانەکە، چونکە بەرهەمهێنانی بەرفراوانی ئەم جۆرە ڤایرۆسانە پێویستی بە چاودێریی تووندی کواڵیتی هەیە.
جگە لە لەنێوبردنی خانە شێرپەنجەییەکان، ڤایرۆسە شێرپەنجەکوژەکان وەڵامدەرەوەی بەرگریی جەستەش هاندەدەن، کە یارمەتیدەرە بۆ هێرشکردنە سەر خانە شێرپەنجەییەکان.
تەندروستیی وڵاتەکە ئەوەش باس دەکات، رەنگە چەند هەفتەیەکی بوێت تاوەکو کاریگەرییە چارەسەرییەکەی دەربکەوێت، ئەمەش بەپێی رادەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لەنێو گرێ شێرپەنجەییەکەدا دەگۆڕێت.
رێژەی کوشندەیی شێرپەنجەی سوورێنچک
بەگوێرەی کۆمەڵەی شێرپەنجە لە ئەمریکا، رێژەی کوشندەیی شێرپەنجەی سوورێنچک 80٪ـە ئەگەر لەقۆناخە پێشکەوتووەکانی بێت و هەروەها ماوەی ژیانی تووشبووانی لە قۆناخە پێشکەوتووەکاندا نزیکەی 5 ساڵە.
کەی بەنێو بازاڕەکانی جیهاندا بڵاو دەبێتەوە؟
بەبازاڕکردنی دەرمانەکە بۆ وڵاتانی دیکە و بەتایبەتیش وڵاتانی ئەورووپی، پشت بە توانای کۆمپانیاکە دەبەستێت لە بەرهەمهێنانی داتای کلینیکیی زیاتر کە پەسەندکراو بێت لای رێکخەرانی ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا، کە ستانداردەکانی رەزامەندیدان بۆ دەرمان هێشتا تووندن. هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی دەرمانسازی لەوانەیە پڕۆسەی بڵاوبوونەوەی جیهانی خێراتر بکات، هەرچەندە کۆمپانیای بەرهەمهێنەر هیچ رێککەوتنێکی لەو شێوەیەی رانەگەیاندووە.
بۆ شێرپەنجەکانی دیکە بەکاردێت؟
ئەم جۆرە میکانیزمە دەتواندرێت سوودی لێ وەربگیرێت بۆ چارەسەری شێرپەنجەکانی دیکە، بەڵام ئێستا ئەوەی پەسند کرابێت و لە تاقیکردنەوەکان کاریگەرییەکی زۆری لەسەر دەرکەوتبێت، بۆ چارەسەری شێرپەنجەی سوورێنچک بووە.



