رووداو - تەندروستی
لە توێژینەوەیەکدا کە لە زانکۆی کۆڵۆمبیای ئەمریکا ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە؛ لە مێشکی کەسانی تووشبوو بە خەمۆکی، پڕۆسەی دروستبوونی خانەی دەماریی نوێ تێکدەچێت.
پرۆفیسۆر د. ماورا دوپۆنت، پزیشکیی دەروونی و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: "پێشتر وا بیردەکرایەوە کە خەمۆکی نەخۆشیی کەمیی گەیەنەرە دەمارییەکانە، بەتایبەتی سیرۆتۆنین، بەڵام ئێستا پێمان وایە خەمۆکی لە چەندین کێشەی جیاوازەوە سەرچاوە دەگرێت کە کار لەسەر توانای خانە دەمارییەکانمان دەکەن بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ پەستانی دەروونی و گۆڕانکارییەکانی ژیان''.
توێژەرانی زانکۆی کۆڵۆمبیا، تیشکیان خستووەتە سەر ناوچەی هیپۆکامپوس لە مێشکدا، ئەم ناوچەیە یەکێکە لەو بەشە کەمانەی مێشک کە لە تەمەنی پێگەیشتووییدا بەردەوامە لە دروستکردنی خانەی دەماریی نوێ و رۆڵێکی سەرەکی لە یادەوەری و هەستەکاندا هەیە. کاتێک کارەکانی ئەم ناوچەیە تێکدەچێت، کەسی تووشبوو یادەوەرییە ناخۆشەکانی رابردووی لەگەڵ رووداوەکانی ئێستادا تێکەڵ دەکات و زیاتر بە نەرێنی لێکدانەوەیان بۆ دەکات.
بەگوێرەی توێژینەوە ئەمریکیەکە، چارەسەرە چاوەڕوانکراوەکە لە داهاتوودا بریتییە لە دۆزینەوەی دەرمانێک بۆ هاندانی مێشک تاوەکو دووبارە خانەی دەماریی نوێ دروستبکاتەوە، هەروەها یارمەتیی ناوچەی هیپۆکامپوس بدات تاوەکو بە شێوەیەکی باشتر مامەڵە لەگەڵ یادەوەری و هەستەکاندا بکات و کاریگەرییە نەرێنییەکانی خەمۆکی کەم بکاتەوە.



