رووداو - تەندروستی
کاتێک ناوی حەب یان دەرزییەکانی کێشدابەزاندن دێت، هەموو بیر لە سووتانی چەوری و تەرازوو دەکەنەوە. ئەم دەرمانانە تەنیا کێش دانابەزێن، بەڵکو مێشکیش هێور دەکەنەوە و ئەو ئارەزووە بەهێزەی بۆ خواردن هەیە نامێنێت.
د. ئیلاریا کۆستانتینی، لە زانکۆی کۆلێژی لەندەن دەڵێت: ئەوانەی ناتوانن خۆیان بگرن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئارەزووی زۆرخۆرییان، دەتوانن سوود لەم دەرمانانە وەربگرن، بەڵام بەپێی راوێژ و رێنوێنیی پزیشک.
توێژینەوە بەریتانییەکە لەسەر (ئۆزێمپیک و دەرزییەکانی دیکە) کراوە و ئەوەی دەرخستووە، ئەم دەرمانانە کاریگەریی گەورەیان لەسەر دەروون و رێژەی خواردنی خۆراک هەیە. توێژینەوەکە بۆ زیاتر لە هەشت هەزار کەس لە 12 وڵاتی جیاواز ئەنجامدراوە و بەکارهێنەران، نەک هەر کێشیان دابەزیوە، بەڵکو دەرکەوتووە:
- لەکاتی تووڕەیی یان دڵەڕاوکێدا ئارەزوویان بۆ زۆرخواردن کەم دەکاتەوە.
- مێشکیان فێر دەبێت کە چۆن کۆنتڕۆڵی خۆی بکات لەکاتی خواردندا و نەهێڵێت بەبێ بیرکردنەوە قاپێکی پڕ لە خۆراک بخۆن.
زانکۆ بەریتانییەکە رێنوێنی دەدات، هەرچەندە ئەم دەرمانانە رێگەیەکی باشن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئارەزووی خواردن، بەڵام نابێت مرۆڤ تەنیا پشتیان پێ ببەستێت، بەڵکو پێویستە هەمیشە لە ژێر چاودێریی پزیشکدا بن، گرنگی بە خۆراکی تەندروست و وەرزشیش بدرێت.



