رووداو - تەندروستی
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، (WHO) رایگەیاند، پێدانی شیری دایک بە منداڵ یەکێکە لە کاریگەرترین رێگەکان بۆ پاراستنی تەندروستی منداڵ، بەڵام بە پێچەوانەی راسپاردەکانی رێکخراوەکەوە، کەمتر لە نیوەی منداڵانی خوار تەمەن 6 مانگ، شیری دایک دەخۆن.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، شیری دایک خۆراکێکی نموونەییە بۆ منداڵانی ساوا، پاک و خاوێنە و دژەتەنی تێدایە کە یارمەتیدەرن بۆ خۆپاراستن لە زۆرێک لە نەخۆشییە باوەکانی منداڵی، هەروەها شیری دایک هەموو ئەو وزە و مادە خۆراکیانە دابین دەکات کە منداڵی ساوا لە مانگەکانی سەرەتای ژیانیدا پێویستی پێیەتی، لە نیوەی دووەمی ساڵی یەکەمی تەمەنیشیدا نیوە یان زیاتری پێداویستییە خۆراکییەکانی منداڵ دابین دەکات، لە ساڵی دووەمی تەمەنیشیدا تا سێیەکی پێداویستییەکانی دابین دەکات.
بە گوتەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ئەو منداڵانەی شیری دایک دەخۆن، لە تاقیکردنەوەکانی زیرەکیدا باشترن، ئەگەری قەڵەوبوون یان کێشی زیادەیان کەمترە و لە داهاتوودا کەمتر تووشی نەخۆشیی شەکرە دەبن. هەروەها ئەو ژنانەی شیری خۆیان دەدەن بە منداڵەکانیان، مەترسیی تووشبوونیان بە شێرپەنجەی مەمک و هێلکەدان کەمترە.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، (WHO) هۆشداری دەدات لەوەی کە بەبازاڕکردنی نەشیاوی جێگرەوەکانی شیری دایک، بەردەوامە لە کەمکردنەوەی هەوڵەکان بۆ باشترکردنی رێژە و ماوەی پێدانی شیری دایک لە سەرانسەری جیهاندا.


