رووداو - تەندروستی
پەیوەندییەکی تووند و مەترسیدار لە نێوان پیریی پێشوەختەی خانەکان و تووشبوون بە لەبیرچوونەوە زیادی کردووە.
لێکۆڵینەوەیەک کەسوودی لە داتای توێژینەوەی پزیشکیی فرامینهامی ئەمریکی وەرگرتووە، بۆ ماوەیەکی درێژ چاودێریی زیاتر سێ هەزار بەشداربووی کردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان. لەم لێکۆڵینەوەیەدا کۆمەڵێک پێوەری گرنگیانیان بەکارهێناوە وەک رێژەی کۆلیسترۆڵ، شەکری خوێن، پەستانی خوێن و پشکنینە دەروونییەکان (وەک تاقیکردنەوەی مێشک).
لێکۆڵیینەوەکە دەریخستووە، ئەو کەسانەی (چ پیاو و چ خانم) کە تەمەنی بایۆلۆژییان (دۆخی تەندروستی و پیریی خانەکان و سیستمی جەستە) پێش تەمەنی راستەقینەیان کەوتووە، مەترسیی تووشبوونیان بە لەبیرچوونەوە، نەخۆشییەکانی دڵ و مردنی پێشوەختە بە رێژەیەکی بەرچاو (نزیکەی دوو هێندە) بەرزتر بووە بەراورد بە کەسانی ئاسایی.
توێژینەوەکە ئاماژەدەدات، خێراپیربوونی تەمەنی بایۆلۆژی مەترسیی تووشبوون بە لەبیرچوونەوە لە خانماندا بە شێوەیەکی بەرچاو زیاترە، لە کاتێکدا ئەم پەیوەندییە لە پیاواندا بەو ئاستە گەورە و بەرچاوە نەبووە.
توێژەران جەخت لەوە دەکەنەوە، پێدانی بایەخ بە تەمەنی بایۆلۆژی لە قۆناخی نێوەڕاستی تەمەندا یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی پێشوەختە ئەو کەسانەی (بەتایبەت خانمان) بناسرێن کە مەترسیی لەسەر تەندروستیی مێشکیان هەیە.
توێژینەوەکە رێنوێنی داوە کە بەم شێوەیە خانمان تەندروستیی مێشکیان بپارێزن؛
- کۆنتڕۆڵکردنی پەستان و شەکری خوێن: یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی پاراستنی خانەکانی مێشک و کەمکردنەوەی گوشاری سەر دەمارەکان.
- پەیڕەوکردنی خۆراکی تەندروست و وەرزش: چالاکیی جەستەیی بەردەوام تەمەنی بایۆلۆژیی خانەکان دەپارێزێت و بەرگریی جەستە بەرامبەر نەخۆشییەکان زیاد دەکات.
- گرنگیدان بە خەوی رێک: خانەکانی مێشک خێرا دەکاتەوە.


