رووداو – تەندروستی
مایۆکلینیک رایدەگەیێنێت، حاڵەتەکانی ئاوی سپیی چاو هێواش گەشە دەکەن و لە سەرەتادا کاریگەرییان لەسەر بینایی نییە، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات کاریگەری لەسەر بینین دروست دەکات.
هەر بەپێی مایۆکلینیک، ئەو کاتە پێویستە نەشتەرگەریی ئەنجام بدرێت ئەگەر کزیی بینایی کاریگەری لەسەر چالاکییە ئاساییەکان هەبوو، نەشتەرگەریییەکەش بەگشتی سەلامەت و کاریگەرە، وا باشترە ئەو کاتە سەردانی پزیشکی چاو بکرێت بۆ پشکنین ئەگەر هەستت بە هەر گۆڕانکارییەک لە بینینتدا کرد یان ئەگەر تووشی گۆڕانکاریی کتوپڕی بینین بوویت، وەک؛
- لێڵبوون و کزبوونی چاو
- پێویستبوون بە رووناکیی بەهێزتر بۆ خوێندنەوە و چالاکییەکانی دیکە
- کێشەی بینین لەبەر تیشکی خۆر یان رووناکیی بەهێز
- کێشەی بینین لە شەواندا
- بینینی بازنە یان تیشک لە دەوری رووناکییەکان لە شەواندا
- کاڵبوونەوە یان زەردبوونی رەنگەکان
ئاوی سپی زۆربەی کات لە هەردوو چاودا روودەدات، بەڵام هەمیشە بە هەمان خێرایی نییە، ئەگەر لە یەک چاودا بێت لەوانەیە خراپتربێت، چونکە دەبێتە هۆی جیاوازی لە بینینی نێوان چاوەکاندا.
مایۆکلینیک ئەمەشی دەرخستووە، هیچ توێژینەوەیەک نەی سەلماندووە کە چۆن رێگری لە دروستبوون یان هێواشکردنەوەی گەشەی ئاوی سپی بکات، بەڵام پسپۆڕانی چاودێریی تەندروستی پێیان وایە چەندین رێگا هەن کە لەوانەیە یارمەتیدەر بن بۆ کەمکردنەوەی ئاوی سپیی چاو، لەوانە؛
- پشکنینی رێکوپێکی چاو
- وازهێنان لە جگەرەکێشان
- هەڵبژاردنی خۆراکی تەندروست
- بەکارهێنانی چاویلکە لە بەردەم تیشکی خۆر
- کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کحول



