رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەیەکی تایبەت داوایەک ئاڕاستەی وەزارەتی تەندروستی دەکات و دەڵێت، پێویستە نەخۆشخانە تایبەتەکان بکرێنە نەخۆشخانەی پسپۆڕی. هۆکارەکەش روون دەکاتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 20-8-2026 د. سەلیم زەنگەنە، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی و بەڕێوەبەری یەکێک لە نەخۆشخانە تایبەتییەکانی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، نەخۆشخانە تایبەتەکان رەچاوی مافی نەخۆش دەکەن و مافی نەخۆش تێیاندا پارێزراوە.
د. سەلیم زەنگەنە روونی دەکاتەوە، ئەگەر نەخۆش بایەخی پێنەدرێت و بە گرنگییەوە مامەڵەی لەگەڵدا نەکرێت، ئەوا ناگەڕێتەوە ئەو نەخۆشخانە یاخود بنکە تەندروستییەی کە لێی بووە.
ئەو ئەوەشی روونکردنەوە، زۆربەی نەخۆشخانەکان گشتین و ئەگەر بکرێنە نەخۆشخانەی پسپۆڕی، ئەوا باشتر دەتواندرێت خزمەتی نەخۆشیان تێدا بکرێت، لەبەر ئەوەی لە نەخۆشخانەی گشتیدا مەرج نییە هەموو جۆرە نەشتەرگەرییەک و هەموو جۆرە نەخۆشێک وەربگیرێت.
لە هەرێمی کوردستانیدا پەرلەمانی کوردستان، لە یاسای ژمارە 4ـی ساڵی 2020دا جەختی کردووەتەوە کە پێویستە "مامهڵهكردن به یهك پێوهر و بهبێ جیاكاریی لهگهڵ سهرجهم نهخۆشهكاندا، بهشێوهیهكی یهكسان و دادپهروهرانه بێت.
هەر لەم چوارچێوەیەدا، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا نووسراوێکی ئاراستەی سەرجەم نەخۆشخانەکانی کەرتی تایبەت کرد و رایگەیاند، پێویستە هەر نەخۆشێکی فریاکەوتن وەربگیرێت و هەموو چارەسەرێکی پێویستی بۆ بکرێت، دوای ئەوەی بارودۆخی تەندروستیی جێگیر بووەوە، ئینجا رێکارە کارگێڕی و داراییەکانی لەگەڵدا ئەنجام بدرێت.

.png&w=3840&q=75)
