رووداو - تەندروستی
حکومەتی میانمار رایدەگەیێنێت، 500 کەس بەهۆی تووشبوونیان بە سکچوونی تووندەوە لە نەخۆشخانە خەوێنراون و لەو ژمارەیەش دەرکەوتووە؛ 150ـیان بە تووندی تووشی کۆلێرا بوون.
ژێرخانی ئابووری و کەرتی تەندروستیی میانمار دوای جەنگە نێوخۆییەکانی وڵاتەکە رووی لە داڕمانە و (بۆو هتای، وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمیی خوونتا) رایگەیاند، لە 9ی ئابەوە 500 کەس بەهۆی سکچوونی تووندەوە لە نەخۆشخانە خەوێندراون، کە نیشانەی سەرەکیی کۆلێرایە.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی نەخۆشییەکە بە "هەڕەشەیەکی جیهانی بۆ سەر تەندروستیی گشتی و ئاماژەی نایەکسانی و نەبوونی گەشەی کۆمەڵایەتی و ئابووری" وەسف دەکات.
بەپێی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن CDC لە ئەمریکا، کۆلێرا نەخۆشییەکە بەهۆی بەکتریای کۆلێراوە تووشمان دەبێت و چەند جۆرێکی ئەم بەکتریاییە دەبنە هۆکاری نەخۆشی و بەشێکی زۆریشی بەشێوەیەکی ئاسایی لە رێڕەوی هەرسدا جێگیرن.
لەڕێگەی خواردنەوەی ئاو و خواردنی خۆراکی پیسبوو بە بەکتریاکە، خواردنی گۆشتی نەکوڵاو دەگوازرێتەوە. بەڵام لەڕێگەی هەناسەوە ناگوازرێتەوە.
نیشانەکانیشی دەشێت، سکچوونێکی ئاوی، رشانەوا، هێڵنجدان، ئازاری سک و سەر و نەمانی ئارەزووی خواردن بن. رێژەی کوشندەیی دەگاتە %50 ئەگەر تووشبووەکە چارەسەر وەرنەگرێت.
رێگەکانی پێشگیریکردن لێی؛
- پاک و خاوێنی لە ئاوی خواردنەوە
- دەستشووشتن و پاکڕاگرتنی کەل و پەلەکان
- کوڵاندنی گۆشت و بەروبوومە ئاژەڵییەکان
- بەکارهێنانی ڤاکسینی کۆلێرا

.png&w=3840&q=75)

.png&w=3840&q=75)