رووداو - تەندروستی
لەئەڵمانیا رۆژانە بە هیوای گەڕاندنەوەی ئارامی بۆ مێشک پەنا بۆ بەکارهێنانی تەواوکەرە خۆراکییەکانی وەک ئۆمێگا-3 دەبرێت، ئەم مادە خۆراکییە تەنیا لە هەندێک بارودۆخی تایبەتدا دەتوانێت ببێتە فریادڕەس و لە هەندێکی تریشدا بێکاریگەرە.
سەنتەری ئەڵمانی بۆ دەرووندروستی لێکۆڵینەوەیەکی فراوانیان لەسەر پەیوەندیی نێوان ترشە چەورییەکانی ئۆمێگا-3 لەگەڵ کاریگەرییە دەروونییەکان ئەنجام داوە و دەرکەوتووە؛ ترشە چەورییەکانی وەک EPA و DHA رۆڵێکی سەرەکی لە پێکهاتەی خانەکانی مێشکدا دەگێڕن، یارمەتیی کەمکردنەوەی هەوکردنی درێژخایەن و رێکخستنی هۆڕمۆنەکانی گوشار دەدەن.
بەپێی توێژینەوەکە
- مادەی DHA بەرێژەیەکی زۆر لەو ناوچانەی مێشک هەن کە بەرپرسن لە فێربوون و یادگە بەهێزکردن، بە ئاسانی پەیام و زانیاریی دەماری لە نێوان خۆیاندا دەگوازنەوە، کەمیی ئەم مادەیە دەبێتە هۆی سستبوونی گواستنەوەی زانیاری و تێکچوونی یادگە.
- مادەی EPA رۆڵێکی راستەوخۆی هەیە لە کەمکردنەوەی هەوکردنی خانەکانی مێشک و کاریگەریی دژە خەمۆکی هەیە. رێژەی سیرۆتۆنین (هۆرمۆنی دڵخۆشی) لە مێشکدا دەپارێزێت و بەهێزی دەکات.
- ئۆمێگا-3، هۆرمۆنی گوشاری دەروونی لە جەستەدا کەم دەکاتەوە.
کەی کەریگەریی نییە؟
توێژینەوەکە ئاماژە دەدات، که ئۆمێگا-3 بۆ هەموو نەخۆشییە دەروونییەکان چارەسەری یەکلاکەرەوە نییە. کاریگەرییەکانیان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێت.
چۆن ئۆمێگا-3 بەدەستبهێنین؟
باشترین رێگە بۆ بەدەستهێنانی ئەم چەورییە بەسوودە خواردنی سەرچاوە سرووشتییەکانە، وەک ماسی (بە تایبەت سەلموون)، گوێز و تۆوە رووەکییەکان (وەک تۆی کەتان و چیا) یاخود لەڕێگەی تەواوکەرە خۆراکییەکانەوە.



