رووداو - تەندروستی
لە یارییەکەی ئەم دواییەی بایرن میونشن و لە کەشوهەوایەکی زۆر گەرمدا (پلەی گەرمیی سەروو 33 پلەی سیلیزی)، یاریزان جەمال موسیالا لە خولەکی 83 دا بوورایەوە و هەر لەنێو یارگەدا کەوت.
دکتۆر سەران جونەیدی، پزیشكی گشتی بە رووداوی راگەیاند، لەڕووی زانستی و پزیشکییەوە، ئەم حاڵەتە هۆکارگەلێکی روونی هەیە؛
* شکانی هاوسەنگیی پلەی گەرمیی جەستە؛ کاتێک جەستە بۆ ماوەیەکی درێژ لە ژینگەیەکی گەرمدا وەرزش دەکات، بڕێکی زۆر لە ئاو و خوێیە گرنگەکان (وەک سۆدیۆم و پۆتاسیۆم) لەڕێگەی ئارەقەکردنەوەوە لەدەستدەدات. ئەگەر قەرەبوو نەکرێتەوە، سیستمی کۆنتڕۆڵی پلەی گەرمای مێشک تووشی قەیران دەبێت.
* دابەزینی پەستانی خوێن؛ لەکاتی گەرمادا، خوێن بۆ بەشە دەرەکییەکانی جەستە و پێست دەچێت بۆ ئەوەی جەستە سارد بکاتەوە. ئەمە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی گەڕانەوەی خوێن بۆ دڵ و مێشک، ئەنجامەکەی کاتێکە کە پەستانی خوێن بە شێوەیەکی کاتی دادەبەزێت و مرۆڤ لەهۆشخۆی دەچێت.
هەر بۆیە دکتۆر سەران رێنوێنیی هاونیشتمانییان دەکات لەکاتی روودانی بوورانەوە یان ماندووبوونی تووند بەهۆی گەرماوە ئەمانە بکرێن؛
- گواستنەوە بۆ شوێنی سارد: یاریزان یان کەسەکە دەستبەجێ بگوازرێتەوە بۆ ژینگەیەکی سارد و فێنک.
- بەرزکردنەوەی قاچەکان: قاچەکانی بەرز بکرێنەوە بۆ ئەوەی گەڕانەوەی خوێن بۆ دڵ و مێشک خێرا ببێتەوە.
- فێنککردنەوەی جەستە: بەکارهێنانی ئاوی سارد یان شانەی تەڕ لەسەر ناوچەوان و بن باڵ.
- راگرتنی چالاکی: وەستاندنی تەواوی جووڵە و وەرزشکردن.
- پێدانی شلەمەنی (ئەگەر هۆشی هەبێت): پێدانی بڕێک ئاو یان خواردنەوەی وەرزشی (Electrolyte drink) بە هێواشی.
- چاودێری و گواستنەوە بۆ نەخۆشخانە: ئەگەر کەسەکە لەماوەی چەند خولەکێکی کەمدا هۆشی نەهاتەوە، یان نیشانەکانی وەکو رشانەوەی بەردەوام و سەرلێشواویی هەبوو، پێویستە دەستبەجێ رەوانەی نەخۆشخانە بکرێت.



