رووداو - تەندروستی
لە دهۆک منداڵێک ئاڵایەکی یەخەی ئاسنین قوتدەدات و بە هەناوبین بۆی دەردەهێندرێت؛ پزیشکێکی منداڵانیش لە نەخۆشخانەی هیڤیی منداڵان لە دهۆک ئاشکرا دەکات، مانگانە 10 تاوەکو 15 حاڵەتی لەو شێوەیە تۆمار دەکرێن.
ئەمڕۆ دووشەممە 17-8-2026 د. فەرهاد ساڵح، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان بە رووداوی راگەیاند، بەشێکی زۆری حاڵەتەکانی قوتدانی تەنی نامۆ لەلایەن منداڵانەوە بۆ بێئاگایی دایک و باوک لە منداڵەکانیان دەگەڕێتەوە.
د. فەرهاد ساڵح روونی دەکاتەوە، لە نوێترین حاڵەتدا کە منداڵێکی کەمتر لە 5 ساڵانیان بۆ هاتووە، ئاڵایەکی ئاسنینی یەخەی قوتداوە و لە بەشی خوارەوەی سوورێنچکیدا چەقیوە، هەر بۆیە بە هەناوبین دەریان هێناوە.
چەند رێنوێنییەک بۆ پێشگیری لە رووداوی لەم شێوەیە بزانە؛
- دوورخستنەوەی ئەو کەلوپەلانەی بە ئاسانی قوتدەدرێن لە منداڵ.
- ئەگەر نەخۆشەکە تەنەکەی لە سوورێنچکی گیربووبوو، نابێت دەست ببرێتە قوڕگی منداڵەکە و هەوڵی دەرهێنانی بدرێت، بەڵکو بگەیێندرێتە نەخۆشخانە.
- نابێت نەخۆشەکە هیچ خۆراک و خواردنەوەیەک بخواتەوە تاوەکو بە ئاسانی تەنەکە دەربهێندرێت.
- ئەگەر تەنەکە چووبووە نێو بۆری هەناسەی، ئەوا بە تەکنیکەکانی فریاگوزاریی سەرەتایی بۆ بکرێت یان راستەوخۆ ببرێتە نزیکترین نەخۆشخانە.




