رووداو - تەندروستی
تیمێکی توێژەرانی سکۆتلەندی دەرمانێکی نوێیان بۆ چارەسەری نەخۆشیی مەلاریا دۆزیوەتەوە و ئاشکرای دەکەن، لەڕێگەی دەنکۆڵەوە وەردەگیرێت و بە تێکەڵی لەگەڵ دەرمانێکی ئێستای مەلاریادا کاریگەری دەبێت.
تیمێک لە توێژەر و پزیشکانی زانکۆی دەندی لە سکۆتلاند بە توێژینەوەیەکی پڕ وردەکاری لە گۆڤاری لانسێت باسی ئەوە دەکات، پێکهاتەی cabamiquine کە بە دژەمەلاریایەکی کاریگەر ناسراوە، تەنیا یەک ژەمی لێ بەکاربێت، دەتوانێت بە رێژەیەکی زۆر چارەسەری ئەو نەخۆشییە درێژخایەنە کوشندەیە بکات.
ئەنجامەکانی قۆناخی سەرەتایی تاقیکردنەوەکان نیشانیاندا، کاتێک ئەو دەرمانە لەگەڵ دەرمانی ئێستای پیرۆناریدین تێکەڵ بکرێت، چارەسەرەکە کاریگەریی خۆی دەسەلمێنێت و سەلامەتیشە بۆ نەوجەوان و گەنجان.
د. بیاتریز باراگانا، ئەندامی تیمی زانکۆی دەندی کە کابامیکوینیان دۆزییەوە دەڵێت "ئەمە هەنگاوێکی سەرنڕاکێشە بۆ پێکهاتەیەک کە توانایەکی گەورەی هەیە بۆ ئاسانکردنی رژێمی ژەمەکان بۆ مەلەریا، نەخۆشییەک کە ساڵانە دەبێتە هۆی سەدان هەزار حاڵەتی مردن''.
ئامارە جیهانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، نزیکەی 282 ملیۆن تووشبوون بە مەلاریا و 610 هەزار حاڵەتی مردن تۆمارکراون، بەرزبوونەوەی ژمارەی گیانلەدەستدانیش بەهۆی پەیدابوونی بەرگریی نەخۆشییەکەیە دژی ئەو دەرمانانەی ئێستا هەن.
دوای پاڵپشتیی زانستی و دارایی لەلایەن رێکخراوی دەرمان بۆ مەلاریا (MMV)، ئێستا رێکخراوەکە پلانی هەیە کابامیکوین-پیرۆناریدین بەرەو قۆناخی زیاتری پەرەپێدان ببات و ئیدی بیخاتە بەرهەمهێنان.



