رووداو-تەندروستی
توێژینەوەیەک لە ئەمریکا دەریخستووە پۆلیئەسەلین، کە جۆرێکی باوی وردە پلاستیکە و لە پاکەتکردنی خۆراکدا بەکاردێت، مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی جگەر زیاد دەکات.
توێژینەوەکە لە زانکۆی رەش لە ئەمریکا ئەنجامدراوە و دەرکەوتووە بەرکەوتن بە پۆلیئەسەلین کاریگەری لەسەر زیندەچالاکی جگەر هەیە لەڕێگەی گۆڕێنی ئەو جینانەی کە بەرپرسن لە چالاککردنەوەی شانەکان و وەڵامدانەوەی زیانەکان.
زانکۆ ئەمریکییەکە ئاماژە بەوەدەکات ئەوانەی سیستمی خۆراکی رۆژاوای وەکو "بەرگر، پیزا، فینگەر و خواردنەوە گازییەکان" لە ژەمەکانیاندا هەیە، مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی جگەر زیاترە.
د. عادی جۆشی، سەرپەرشتیاری سەرەکی توێژینەوەکە گوتی: "باشترین رێگە بۆ پاراستنی جگەر گرنگیدانە بە خۆراکی تەندروست، وەرزشکردن، کێشڕێکی، کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییە درێژخایەنەکان، دوورکەوتنەوە لە جگەرە،نێرگەلە و ڤەیپ و دوورکەوتنەوە لە خواردنەوە کحولییەکان".
چۆن دەتوانرێت بەرکەوتن لەگەڵ وردە پلاستیک کەمبکرێتەوە؟
زانکۆی رەش چەند رێگەیەک بۆ کەمکردنەوەی بەرکەوتن لەگەڵ وردە پلاستیک پێشنیاز دەکەن، لەوانە:
- خۆراک لەنێو دەفری پلاستیکیدا گەرم نەکرێتەوە
- بۆ هەڵگرتنی خۆراک، شووشە یان ستیلی دژە ژەنگ بەکاربهێنرێت.
- بەکارهێنانی پلاستیکی یەکجار بەکارهێنان کەمبکرێتەوە.



