رووداو - تەندروستی
رەنگە وات بەسەردا هاتبێت کە پێوانەی شەکرەی خوێنت بکەیت و رێژەیەکی سەروو ئاستی ئاسایی دەربچێت، بۆیە گومانت لەلا دروستببێت کە تووشی شەکرە بووبیت، یاخود لە قۆناخی پێش تووشبوون بە شەکرە بیت، بەڵام ئەم بابەتە گومانەکەت بۆ روون دەکاتەوە.
بەگوێرەی دامەزراوەی بەریتانیی پزیشکی بۆ نەخۆشیی شەکرە، ئەم هۆکارانەی خوارەوە دەکرێت شەکرەی خوێن بەرز بکەنەوە؛
- دوای ژەمی خۆراک؛ کاتێک کاربۆهیدرات یاخود شەکرەکان دەخۆیت، کۆئەندامی هەرست وردی دەکات بۆ گلوکۆز. ئەم گلوکۆزە دەچێتە نێو سووڕی خوێن و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی شەکری خوێن. پەنکریاست وەڵامی دەبێت بە دەردانی ئینسۆلین، کە یارمەتیی گواستنەوەی گلوکۆز لە خوێنەوە بۆ ماسوولکەکان و شانەکانی دیکە دەدات. دوای ژەمێک، چاوەڕوانی هەندێک بەرزبوونەوەی شەکری خوێن دەکرێت. قەبارە و ماوەی بەرزبوونەوەکە دەکرێت زۆر جیاواز بێت.
بۆ نموونە، ژەمێک کە برنجی سپی، پەتاتە، شیرینییەکان یان شەربەتەکان لەخۆدەگرێت، رەنگە گلوکۆز خێراتر بەرز بکاتەوە لە ژەمێک کە سەوزە، پرۆتین، چەوریی تەندروست و کاربۆهیدراتی ریشاڵدار لەخۆدەگرێت. بڕی خواردنەکەش گرنگە. بۆیە زۆربەی ئەو کەسانەی نەخۆشیی شەکرەیان نییە، ئەنسۆلین لەماوەی چەند کاژێرێکدا گلوکۆزی خوێن دەگەڕێنێتەوە بۆ ئاستی ئاسایی خۆی. بۆیە بەرزبوونەوەیەکی کاتی پێویست ناکات ئاماژە بێت بۆ نەخۆشی.
- کاتی گوشاری دەروونی و دڵەڕاوکێ؛ رەنگە لەکاتی سترێسی زۆردا، تێبینیی بەرزبوونەوەی خوێندنەوەی گلوکۆز بکەیت، تەنانەت ئەگەر پێشتریش هەرگیز شەکری خوێنت نائاسایی نەبووبێت. کاتێک دڵەڕاوکێت هەیە جەستەت هۆڕمۆنەکانی وەکو کۆرتیزۆڵ و ئەدریناڵین دەردەدات. ئەم هۆڕمۆنانە دەتوانن ئاماژە بە جگەر بدەن کە گلوکۆزی کۆگەکراو دەربداتە نێو سووڕی خوێنەوە. ئەمە بەشێکە لە وەڵامدانەوەی جەستە بۆ سترێس، بەڵام دەتوانێت بۆ ماوەیەکی کاتی شەکری خوێن بەرز بکاتەوە.
- کەمخەوی؛ خەوی خراپ هۆکارێکی دیکەیە کە شایەنی لەبەرچاوگرتنە. کەمخەوی دەتوانێت کاریگەریی لەسەر هەستیاریی ئەنسۆلین و رێکخستنی ئارەزووی خواردن هەبێت. ئەگەر بەردەوام تەنیا بۆ چەند کاژێرێک بخەویت و تێبینیی خوێندنەوەی بەرزی گلوکۆزیش بکەیت، رەنگە ئەو دووانە پەیوەندییان بەیەکەوە هەبێت.
- وەرزش؛ وەرزشی ئایرۆبیک (هەوایی) بە گشتی یارمەتیی ماسوولکەکانت دەدات گلوکۆز بەکاربهێنن و دەتوانێت شەکری خوێن دابەزێنێت. بەڵام، وەرزشی چڕ و قورسدا هەندێکجار دەتوانێت ببێتە هۆی بەرزبوونەوەیەکی کورتخایەن. لەکاتی چالاکیی قورسدا، هۆڕمۆنەکانی وەک ئەدریناڵین دەتوانن جگەر هان بدەن بۆ دەردانی گلوکۆزی زیاتر بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی وزەی دەستبەجێی جەستە. بۆیە رەنگە دوای وەرزشێکی قورس بەرزبوونەوەیەکی کاتی ببینیت.
- کاریگەریی لاوەکیی هەندێک دەرمان؛ هەندێک دەرمان دەتوانن شەکری خوێن بەرز بکەنەوە، لەنێویاندا کۆرتیکۆستیرۆیدەکان وەک پرێدنیزۆلۆن. هەندێک دەرمانی هۆڕمۆنی و دەرمانی دیکەش دەتوانن کار لە رێکخستنی گلوکۆز بکەن. ئەگەر دوای دەستپێکردنی دەرمانێکی نوێ، تێبینیی خوێندنەوەی بەرزی دووبارەت کرد، لەگەڵ پزیشکەکەت باسی بکە، نەک خۆت دەرمانەکە بوەستێنیت.
کەی پێویستە بەرزیی رێژەی شەکری خوێن بە هەند وەربگیرێت؟
بەپێی دامەزراوەی بەریتانیی پزیشکی بۆ نەخۆشیی شەکرە، رێژەی ئاسایی شەکری خوێن بۆ کەسێکی ئاسایی دوای دوو کاژێر لە خواردنی ژەمی خۆراک، کەمتر لە 140 mg/dLـە و بۆ کەسێک کە هیچی نەخواردبێت، 70 بۆ 100 mg/dLـە. لێکدانەوەی یەک خوێندنەوەی بەرزی قورسە. ئامێرەکانی پێوانەی گلوکۆزی ماڵەوەش رەنگە سنووردار بن و کاتی پشکنینەکەش گرنگە، بەڵام خوێندنەوەی بەرزی دووبارە شایەنی سەرنجی زیاترە، بەتایبەتی ئەگەر تینووێتیی زیاد، میزکردنی زۆر، دابەزینی کێشی بێ هۆکار، ماندووێتیی نائاسایی یان لێڵبوونی بینینت هەبێت.
پێنج رێگەی نایاب بۆ کۆنتڕۆڵکردنی شەکرە
1- دابەزاندنی کێشی زیادەی لەش
* هەفتانە 2 کیلۆ
2- وەرزش
* راکردن و مەلەکردن
* رۆژانە 30 خولەک بەپێ رۆیشتن
3- خۆراکی سرووشتی
* سەوزە و میوە
* دانەوێڵە
4- خواردنی چەورییە ناتێرەکان
* گوێز و بادەم
* ماسی
5- رێژیمی خۆراکی
* هەمەڕەنگیی خۆراکی رۆژانە
* کەمکردنەوەی خوێ و شەکر
هۆکارەکانی جیاوازی خوێندنەوەی ئامێرەکانی پێوانەکردنی شەکرە
1- بهكارهێنانی شریتی تاقیكردنهوهی بهسهرچوو
2- جیاوازی پلەی گەرمی؛ توێژینەوەکان دەریانخستووە کە پێوەرە ساردەکان دەتوانێت خوێندنەوەی نزمێکی نادروست بدات و پێوەرە گەرمەکان دەتوانێت خوێندنەوەی بەرزی نادروست بدات.
3- کەمتەرخەمی لە پاککردنەوەی دەستەکان
4- نهخۆشی شهكره تووشی وشكبوونهوه دهبێت؛ کاتێک نەخۆشێکی شەکرە بەدەست وشکبوونەوە دەناڵێنێت، ڕەنگە ژمارەی خڕۆکە سوورەکانی دابەزێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئەنجامێکی نادروستی لێبکەوێتەوە، بۆیە باشتر وایە پێش ئەنجامدانی پشکنینەکە بە باشی شێدار بکرێتەوە.
5- خوێنی پێویست لەسەر شریتی پشکنین نییە



