رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی نیشتمانیی سیئۆل دەریدەخات، هەڵمژینی هەوای پیس، بەتایبەتی ئەو تەنۆلکە وردانەی لە دووکەڵ و خۆڵ و تۆزدا هەن، رەنگە ببێتە هۆی زیادبوونی ئازاری رۆماتیزمی جومگەکان.
نەخۆشیی رۆماتیزمی جومگەکان، نەخۆشییەکی درێژخایەنی بەرگرییە دژەخۆییەکانە و دەبێتە هۆی هەوکردن و زیانگەیاندن بە جومگەکان. هۆکارەکانی تووشبوون بەم نەخۆشییە تێکەڵەیەکە لە بۆماوە و کاریگەرییە ژینگەییەکان.
توێژەران ئاستی مانگانەی شەش پیسکەری سەرەکیی هەوایان شیکردووەتەوە، یەکێک لەوانە وردەتەنۆلکەکانی (PM2.5) کە بریتییە لەو تەنۆلکە زۆر وردانەی لە دووکەڵ و خۆڵ و تۆزدا هەن. پاشان ئەم زانیارییانەیان بەراورد کردووە بە ئاستی چالاکیی نەخۆشییەکە و توندبوونی ئازارەکان لە هەر سەردانێکدا.
د. ئون بۆنگ لی، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە زانکۆی نیشتمانیی سیئۆل دەڵێت "توێژینەوەکەمان دەریخست کە بەرکەوتنی درێژخایەن بە ئاستی بەرزی تەنۆلکە وردەکانی (PM2.5)، پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە زیادبوونی چالاکیی نەخۆشییەکە و مەترسیی تووندبوونەوەی ئازارەکانەوە هەیە''.
بەپێی توێژینەوە کۆرییەکە، ئەم تەنۆلکە وردانە کە لە گەردیلەکانی خوێنیش بچووکترن، لە ڕێگەی سییەکانەوە دەچنە ناو سووڕی خوێن و دەگەنە هەموو ئەندامەکانی لەش. ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی گوشار لەسەر خانەکان و چالاککردنی پرۆسەی هەوکردن، کە لە ئەنجامدا ئازاری رۆماتیزم زیاد دەکات.
لە گرنگترین سەرچاوەکانی بڵاوبونەوەی تەنۆلکەی (PM2.5)
دووکەڵی هۆکارەکانی گواستنەوە (وەک ئۆتۆمبێل و پاس)
کارگە پیشەسازییەکان و وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا
سووتاندنی زبڵ و خاشاک
خۆڵبارین و تۆز
تەقینەوەی گڕکانەکان



