رووداو - تەندروستی
دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمریکا (FDA)، ڤاکسینێکی ئەنفلوەنزای وەرزیی تایبەت بە بەساڵاچووانی کۆمپانیای مۆدێرنای لەسەر بنەمای تەکنەلۆژیای mRNA پەسند کرد.
ئامانجی سەرەکیی ئەم ڤاکسینە نوێیەی mRNAی ئەنفلۆنزا (mFLUSIVA) رێگریکردنە لە تووشبوون بە پەتای وەرزی، ئاڵۆزییە قورسەکانی سییەکان، نەخۆشکەوتن لەنێوان کەسانی تەمەن 50 ساڵ و سەرووتردا، هەروەها بەهێزترین بەرگری پێشکەشی بەساڵاچووان دەکات.
پرۆفیسۆر د. جێسی گودمان، توێژەری نەخۆشییە گوازراوەکان لە زانکۆی جۆرج تاون ئەمریکا رایگەیاندووە "ئەم ڤاکسینە ئامرازێکی زۆر باشە کە دەخرێتە خزمەت پزیشکی و پاراستنی تەندروستی". ئەم ڤاکسیینە لەسەر 41 هەزار کەس لە 11 وڵات تاقیکراوەتەوە و دەرکەوتووە کە بە رێژەی 27٪ کاراترە لە ڤاکسینە ئاساییەکانی ئەنفلۆنزا.
ئەم پسپۆڕە ئاماژە دەدات، پرۆسەی بەرهەمهێنانی ڤاکسینی ئاسایی نزیکەی 6 مانگی دەویست، بەڵام بە تەکنەلۆژیای mRNA تەنیا 6 هەفتەی پێویستە. ئەم ڤاکسینە نوێیە رێگەپێدانی تەواوی هەیە بۆ کەسانی تەمەن 50 ساڵ بەرەو سەرووتر، بڕیاریشە لەم وەرزەی ئەنفلۆنزای ساڵی 2026-2027دا بکەوێتە بەردەست.
بۆچی ئەم ڤاکسینە گرنگە؟
ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا بەبەردەوامی گۆڕانکاریی بۆماوەیی (مۆتەیشن)ی بەسەردا دێت، لە رێگەی تەکنەلۆژیای کۆنی بەرهەمهێنانی ڤاکسین، مانگانە پێویست بوو پێشوەختە شێوازی ڤاکسینەکە دیاری بکرێت. ئەمەش زۆرجار دەبوە هۆی ئەوەی کە تا وەرزەکە دەگات، جۆری ڤایرۆسەکە بگۆڕێت و کاریگەریی ڤاکسینەکە دابەزێت، بەڵام تەکنەلۆژیای نوێی mRNA ئەم گرفتەی چارەسەر کردوە.
تەکنەلۆژیای mRNA ئەم گرفتەی چۆن چارەسەر کردووە؟
1- خێرا دەستکاری دەکرێت: ئەگەر ڤایرۆسەکە لە دواهەمین خولەکدا خۆی بگۆڕێت، دەتوانرێ تەنیا لە چەند هەفتەیەکدا ڤاکسینەکە بگونجێنن.
2- بەرگرییەکی بەهێزتر: تاقیکردنەوەکان سەلماندوویانە کە ئاستی دژەتەن لە جەستەی بەساڵاچوواندا زۆر زیاتر بەرز دەکاتەوە بەراورد بە کوتانە ئاساییەکان.
3- ئەوانەی تەمەنیان سەرووی 65 ساڵە، ئەگەری گیانلەدەستدانیان بەهۆی ئەنفلۆنزاوە زۆر زیاترە، بۆیە ئەم دەرمانە دەکرێت پاراستنێکی باشتر بۆ ئەو تەمەنە مسۆگەر بکات .


.png&w=3840&q=75)
