رووداو - تەندروستی
دوو پسپۆڕی کوردی خۆراک رێنمایی لەبارەی ژەمی ئێواران دەدەن و جەخت لەسەر بڕ و کاتی گونجاوی ژەمەکە دەکەنەوە بۆ پاراستنی تەندروستی.
ئەمڕۆ شەممە 15-8-2026 د. دەشنێ جەمال، پسپۆڕی خۆراک بە رووداوی راگەیاند، ژەمی ئێواران پێویستە کالۆریی کەم و هاوسەنگ بێت، چونکە نزیکە لەکاتی خەوتنەوە.
دەربارەی باشترین کات بۆ خواردنی ژەمی ئێوارە، د. دەشنێ جەمال گوتی، "پێویستە ژەمی ئێوارە 2-3 کاژێر پێش خەوتن بخورێت، چونکە خواردنی لەکاتێکی نزیک لە خەوتن دەبێتە هۆی گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدە، هەستی پڕی و ناڕەحەتی زیاد دەکات، پاشانیش کواڵیتیی خەویش خراپ دەکات''.
هەروەها بۆ میوانداری، د. دەشنێ جەمال پێشنیازی کرد کە لەدوای ژەمی ئێوارە و لەبری شیرینی، میوەی تازە یان چای بێ شەکر پێشکێش بکرێت.
د. محەممەد جەباری کە پسۆڕێکی دیکەی خۆراکییە هەر ئەمڕۆ بە رووداوی راگەیاند، کە جەخت لەسەر گرنگی پڕۆتین لە ژەمی ئێوارەدا دەکاتەوە و دەڵێت: "پڕۆتین رێژەی شەکر لە خوێندا بە جێگیری دەهێڵێتەوە، پارێزگاری لە ماسوولکەکان دەکات و هەستی تێربوون بۆ ماوەیەکی درێژتر دەبەخشێت، پڕۆتینەکان لە گۆشتی سوور، مریشک، هێلکە، لۆبیا و نۆکدا دەستدەکەوێت''.
د. محەممەد جەباری گوتیشی، چەورییە تەندروستەکان وەک ئەڤۆکادۆ و زەیتی زەیتوون دەتوانرێت بە بڕی گونجاو بخورێن، هەروەها رۆژانە پێویستە 20-25 گرام ماددەی ریشاڵی وەربگیرێت کە لە سەرچاوەکانی وەک نیسک، لۆبیا، ماش، فاسۆلیا و دانەوێڵە تەواوەکاندا هەن.


.png&w=3840&q=75)
