رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نێوخۆیی زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی ئاشکرای دەکات، زۆرینەی پزیشک و کارمەندانی تەندروستی کێشەی کەمیی دەرمان و لاوازیی کواڵیتیی پێدانی دەرمان لەنێو کەرتی حکومیدا باس دەکەن و بە ئاڵنگارییەکی سەرەکی ناوی دەبەن.
توێژینەوەکە لە گۆڤاری ئیتاڵیی (Healthcare in Low Resource Setting) بڵاو کراوەتەوە و بەشێوەی راپرسیی ئۆنڵاین و راستەوخۆ کراوە و پرسیار لە 170 پزیشک، بەڕێوەبەری تەندروستی، دەرمانساز، تەکنیککاری تاقیگە، پەرستار و کارمەندی دیکەی نێو نەخۆشخانە کراوە و دەرکەوتووە؛ لاوازیی سیستمی چاودێریی تەندروستی لە سەنتەرە تەندروستییەکانی هەرێمی کوردستاندا دەرئەنجامی کەمیی کواڵیتی و کەمیی پێداویستیی پزیشکییە. کە ئەمانەش بوونەتە هۆی کێشە لە جێبەجێکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان.
گۆشان قەرەداخی، سەرپەرشتیار و توێژەری ئەم توێژینەوەیە دەڵێت: ئەمە یەکێکە لەو توێژینەوانەی، بەرچاوڕوونییە بۆ دەسەڵاتدارانی تەندروستی لەوەی، بزانن کارمەندانی تەندروستی رایان چۆنە لەبارەی سیستمەکەیان، دوای ئەوەش ئەوەمان سەلماندن کە لەڕێگەی زانیارییەکانەوە بەشێک لە کێشەکانی سیستمی تەندروستی دەربخەین، لەپێناو چاککردنیان.
سایە عومەر، پسپۆڕی تاقیگەی پزیشكی و توێژەرێکی توێژینەوەکە بە رووداوی راگەیاند، بەگوێرەی پزیشک و کارمەندانی تەندروستی کە لە توێژینەوەکەماندا ئاماژەیان پێکردووە، سیستمی تەندروستیی هەرێمی کوردستان پێویستیی بە چاکسازییەکی بنەڕەتی لە کەرتی تەندروستیدا هەیە، بەتایبەت لە بواری چاودێریی تەندروستیی سەرەتایی کە دەبێت کواڵیتیی خزمەتگوزارییەکانی بەرز بێت.
سایە عومەر دەڵێت ''سیستمی کەرتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان زیاتر سەرنج دەخاتەسەر چارەسەرکردنی نەخۆشی وەک لەوەی کە بایەخ بە رێگریکردن بدات''.
کەمیی دەرمان لە کەرتی حکومیدا کێشەی سەرەکییە
بەپێی توێژینەوەکە، 93٪ـی بەشداربووان کێشەی کەمیی دەرمانیان باس کردووە لە کەرتی حکومیدا وەکو ئاستەنگییەکی سەرەکی بۆ خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، 61٪ـیشیان بە تەواوی ناڕازی بوون لە دابینکردنی دەرمان لە بنکە تەندروستییەکاندا کە هێڵی یەکەمی بینینی نەخۆش و چارەسەری نەخۆشن لەنێو کۆڵان و گەڕەکەکاندا. لەگەڵیشیدا 79٪ـی کارمەندانی تەندروستی لەوەش نیگەران بوون کە قەرەباڵخی لە ناوەندەکانی تەندروستی هەیە و دابەشکردنی مووچەش دوا دەکەوێت.
زانیاری دراوە بە وەزارەتی تەندروستی بۆ چاکسازیی راستەقینە
توێژەرەکان روونی دەکەنەوە، توێژینەوەکەیان بۆ رەخنەگرتن نییە لە کەرتی تەندروستی؛ بەڵکو بۆ پێشکێشکردنی نەخشەڕێگەیەکی زانستی و هاوکاریکردنی بڕیاربەدەستانە بە ئەمانجی خزمەتکردنی کۆمەڵگە لەڕێگەی دابینکردنی زانیاریی بێلایەن بۆ وەزارەتی تەندروستی، تاوەکو بتوانرێت چاکسازیی راستەقینە جێبەجێبکرێت.
.png&w=3840&q=75)


