رووداو – تەندروستی
پچڕانی کورتخایەن و هەستانی شەوانە لەخەو بەبێ ئەوەی کەسەکە بە تەواوی ئاگای لەخۆی بێت، دەکرێت ببێتە نیشانەیەکی پێشوەختە بۆ دەستنیشانکردنی ئەڵزهایمەر، بەرلەوەی نیشانەکانی لەدەستدانی بیروهۆش دەربکەون.
توێژینەوەیەک لە زانکۆی لیێژ لە بەلجیکا، بە پشتیوانیی دامەزراوەی وەستاندنی ئەڵزهایمەری بەلجیکی، پەیوەندییەکی راستەوخۆیان لەنێوان تێکچوونی کاتیی خەو و مەترسیی جێنێتیکیی ئەڵزهایمەردا دۆزیوەتەوە.
توێژەرانی زانکۆکە پشکنینیان بۆ شێوازی خەوی زیاتر لە 500 کەسی تەندروست لەنێوان تەمەنی 18 بۆ 31 ساڵ و 50 بۆ 69 ساڵ کردووە. ئەنجامەکان دەریانخستووە، لە تەمەنی 50 بۆ 69 ساڵ، ئەو کەسانەی کە تووشی هەستانی بێ ئاگایی لەکاتی خەودا دەبن؛ کە تێیدا مێشک بۆ چەند چرکەیەک چالاک دەبێت بەبێ ئەوەی کەسەکە بە تەواوی ئاگای لەخۆی بێت، مەترسیی بۆماوەییان بۆ تووشبوون بە ئەڵزهایمەر بەرزترە.
د. پونیت تالوار، توێژەر لە زانکۆی لیێژ لە بەلجیکا دەڵێت: نەخۆشیی ئەڵزهایمەر باوترین جۆری سستبوونی مێشکە، دەبێتە هۆی تێکچوونی خانەکانی مێشک، کە بە تێپەڕبوونی کات دەبێتە هۆی (لەدەستدانی بیروهۆش (یادگە)، لاوازبوونی توانای بیرکردنەوە و گۆڕانکاری لە رەفتار و ئاخاوتندا).
ئەو پسپۆڕە ئەوە باس دەکات کە هەرچەندە هەبوونی مەترسیی بۆماوەیی بە مانای تۆمارکردنی یەکلاکەرەوەی نەخۆشییەکە نایەت، بەڵام چاککردنی کواڵیتیی خەو دەکرێت رێگەیەکی سەرەکی بێت بۆ رێگریکردن لەم نەخۆشییە.
بەپێی توێژینەوەکە، ئەمانەی خوارەوە کواڵیتیی خەو باش دەکەن؛
- کاتی خەو رێکبخە، رۆژانە لە هەمان کاتدا بنوو و لە هەمان کاتدا بەخەبەربەوە تاوەکو کاتژمێر بایۆلۆژیی مێشک جێگیر بێت.
- ژینگەیەکی گونجاو بڕەخسێنە، ژووری خەوەکەت تاریک، بێدەنگ و فێنک رابگرە تا رێگری لە پچڕانی خەو بکەیت.
- کەمتر لە 6 کاژێر بەر لەمەودای خەوتن، لە خواردنەوەی قاوە، چای و کحول دوور بکەورەوە.



.png&w=3840&q=75)