رووداو - تەندروستی
ئەگەر بەدوای رێگەیەکی ئاسان دەگەڕێیت بۆ ئەوەی ژیانێکی تەندروستتر و درێژترت هەبێت، ئەوە کاتێک گەیشتیتە بەردەم بەرزکەرەوە، باشترە قادرمەکان (پلیکانە) بەکاربهێنیت کە مەترسییەکانی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و مردنی پێشوەختە کەم دەکانەوە.
بەپێی توێژینەوەیەک لە زانکۆی ئیست ئانگليا لە بەریتانیا لەلایەن پرۆفیسۆر د. سۆفی پادۆک، کراوە و تێیدا شیکاری بۆ ئاماری زیاتر لە 480 هەزار کەس کراوە کە تەمەنیان لەنێوان 35 بۆ 84 ساڵ بووە، دەرکەوتووە ئەو کەسانەی بەردەوام قادرمە بەکاردەهێنن، مەترسیی مردنیان بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی مێشک، بە رێژەی 39% کەمترە بەراورد بەوانەی بەکاریناهێنن.
پرۆفیسۆر د. سۆفی پادۆک، دەڵێت: "نەخۆشییەکانی دڵ یەکێکن لە هۆکارە سەرەکییەکانی مردن لە جیهاندا، بەڵام دەکرێت بە پەیڕەوکردنی شێوازێکی ژیانی تەندروست رێگرییان لێبکرێت، بەکارهێنانی قادرمە رێگەیەکی سادەیە بۆ زیادکردنی جووڵە لە ژیانی رۆژانەدا".
سەرەڕای سوودەکانی، پرۆفیسۆر سۆفی رێنوێنی دەکات کە پێش ئەنجامدانی ئەم چالاکییە راوێژ بە پزیشک بکرێت، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی ئەم کێشە تەندروستییانەیان هەیە:
- نەخۆشیی توندی جومگەکان و ئەژنۆ
- کێشەی بڕبڕەی پشت
- هەناسەتەنگی
- نیشانەکانی سستبوونی دڵ



