رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک رایدەگەیێنێت، دەستدەکرێت بە دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی گشتیی نوێ لە قەزانی سێمێل، نەخۆشخانەکە 300 تەختییە و هەموو بەشێک لەخۆدەگرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 13-8-2026 د. ئەفراسیاب مووسا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک لە بووڵتەنی نیوڕۆژی رووداودا ئاشکرای کرد، ئەمڕۆ رەزامەندی درا لەسەر دەستپێکردنەوەی کارەکانی جێبەجێکردن و تەواوکردنی نەخۆشخانەی 300 تەختیی قەزای سێمێل کە بە ناوی نەخۆشخانەی فریاکەوتن کراوە.
نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دهۆک، لە ساڵی 2014ـەوە کارەکانی تەواوکردنی وەستاون، بەگوتەی د. ئەفراسیاب مووسا؛ ئەو نەخۆشخانەیە دەبێتە نەخۆشخانەیەکی گشتی کە هەموو بەشێک لەخۆبگرێت و جەختی سەرەکیش لە بەشی فریاکەوتن دەکرێتەوە.
د. ئەفراسیاب مووسا باسی ئەوەشی کرد کە حکومەت پێشنیازی ئەوەی کردووە، کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی کارەکانی نەخۆشخانەکە جێبەجێ بکات، چونکە هیچ دیزاینەرێک و ئەندازیارێکی بواری نەخۆشخانە لە هەرێمی کوردستان نییە.
کێشەی فێنککەرەوەکانی نەخۆشخانەی ئازادی لە دهۆک
د. ئەفراسیاب دەڵێت، ئەو نەخۆشخانەیە تاکە نەخۆشخانەی گشتییە لە دهۆک و نزیکەی 650 تەختی تێدایە کە خزمەت بە دانیشتووانی نێو و دەرەوەی دهۆک دەکەن، بە دروستکردنی نەخۆشخانەی گشتیی دیکە، گوشاری سەر نەخۆشخانەکەش کەم دەبێتەوە.
ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە ئاماژەی بەوەدا، نەخۆشخانەکە پێویستیی بە نۆژەنکردنەوە هەیە، بەتایبەت لە سیستمی ساردکەرەوەی گشتیدا.


.png&w=3840&q=75)
.png&w=3840&q=75)