رووداو - تەندروستی
زانکۆی سیدنی لە ئوسترالیا رایدەگەیێنێت، بەرکەوتنی مامناوەندی تیشکی خۆر بۆ تەندروستیی دڵ، بەرگریی جەستە و مێشک پێویستە، بەڵام هاوسەنگی گرنگە بۆ رێگریکردن لە زیانی پێست.
پڕۆفیسۆر د. رێبێکا مەیسن، تویژەری سەرەکیی زانکۆکە دەریخستووە، تیشکی خۆر ڤیتامین D لە جەستەدا دروستدەکات بۆ بەهێز کردنی ئێسک، بۆ کەمکردنەوەی هەوکردن و رێکخستنی سیستمی بەرگری، هەروەها کەمبوونەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرەی جۆری دوو.
پرۆفیسۆر د. رەچارد وێلەر، تویژەر لە زانکۆی ئێدنبەرە دەریخستووە، تیشکی خۆر دەبێتە هۆی دەردانی ئۆکسیدی نایتریت لە خوێندا، کە پەستانی خوێن دادەبەزێنێت و مەترسی جەڵتە کەم دەکاتەوە.
د. جیاهی، توێژەر لە زانکۆی چین ئاماژە دەکات، تاقیکردنەوەیەکیان کردووە لەسەر زیاتر لە 360 هەزارکەس کراوە دەریخستووە، یەک کاتژمیر و نیو تیشکی خۆری رۆژانە مەترسی تووشبوون بە ئەلزەهایمەر کەم دەکاتەوە. هەروەها تیشکی بەیانیان ئاستی هۆڕمۆنی سیرۆتۆنین ( هۆڕمۆنی خۆشی و ئارامی ) لە مێشکدا بەرز دەکاتەوە و یارمەتیی باشترکردنی خەوی شەوانە دەدات.
رێکخراوە تەندروستیی جیهانی رایدەگەیێنێت، دوورکەوتنەوە لە تیشکی خۆر و بەکارنەهێنانی بەردەوامی دژەخۆر، کێشەی سەرەکیی کەمیی ڤیتامین Dـییە. بۆیە بەرکەوتنی تیشکی خۆر لە هاوینان 10 تاوەکو 15 خولەک پێویستە لە بەیانیان زوو (پێش کاتژمیر 10 بەیانی)، لە زستاندا بۆ ماوەی 20 تاوەکو 30 خولەک بەسە بۆ تەندروستی، بەبێ ئەوەی پێست رووبەڕووی تیشکی بەهێز و زیانبەخشی نیوەڕۆیان ببێتەوە کە ببێتە هۆی ئەوەی سوتانی پێست و زیادبوونی مەترسی شێرپەنجەی پێست.


.png&w=3840&q=75)
