رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەشتەرگەرییەکانی گورچیلە و میزەڕۆ چیرۆكی دوو نەخۆشی دەگێڕێتەوە کە بۆ ئەو ئازارەی هەیانبووە، تەنیا ئازارشکێنیان بەکارهێناوە، بەبێ ئەوەی لە سەرچاوەی ئازارەکە بکۆڵنەوە و بچنە لای پزیشک، پسپۆڕەکەش دەڵێت، ''ئازارشکێن، ئازار لادەبات، بەڵام هۆکاری ئازارەکە چارەسەر ناکات''.
د. رەوەز ئازاد، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی گورچیلە و میزەڕۆ باسی چیرۆکەکە دەکات و دەڵێت، ماوەیەک پێش ئێستا، تەنیا لە هەفتەیەکدا دوو نەخۆش کە خانم بوون و تەمەنیان 65 ساڵ و 43 ساڵ بوو، سەردانیان کردم و بەهۆی ئازاری بەردی بۆڕیی میزەڕۆوە ئازارشکێنیان بەکارهێنابوو بەبێ ئەوەی سەردانی پزیشک بکەن و بەبێ ئەوەی بچنە لای کەسێکی شارەزا.
ئەو گوتی: ئەو کاتەی سەردانیان کردم لە دۆخێکی زۆر خراپدا بوون، نیشانە زیندەگییەکانیان زۆر ناڕێک بوو، چونکە (پەستانی خوێنیان دابەزیبوو، جەستەیان گەرم بوو، لێدانی دڵیان خێرا بوو، ئۆکسجینیش لەنێو سییەکانیان کەم ببووەوە).
دوای پشکنینی تاقیگەیی و بەشی تیشک و سۆنەر. دەرکەوت کە بۆڕیی میزەڕۆیان بەهۆی بەردەوە بەتەواوی گیراوە کە وایکردبوو گورچیلەکانیان بئاوسێن و بگەنە دۆخێکی مەترسیدار، هەربۆیە تووشی هەوکردنی تووندی گورچیلەکانیان بووبوون و ژیانیان کەوتبووە لێواری لەدەستدان.
پاشان ئەو پزیشکە روونی کردەوە کە ئەو دوو نەخۆشەیان ناردووەتە بەشی فریاکەوتن و لەوێشەوە لەبەر ئەوەی هەوکردن و ژەهراویبوونی خوێنیان تووشبووبوو، لە چاودێریی چڕ خەوێندران، ئینجا دوای مانەوەیان بۆماوەی هەفتەیەک حاڵیان باش بووەتەوە و چارەسەر کراون.
لە کۆتاییشدا هۆشداری دەدات ''بەبێ پشکنین و بەبێ زانینی هۆکار و بەبێ سەردانیکردنی پزیشکان، دوور بکەونەوە لە ئازارشکێنەکان، لەم دوو حاڵەتەی باسم کرد دەرمانە ئازارشکێنەکان بەبێ رێنوێنیی پزیشکی وای کرد، نەخۆش وابزانێت حاڵەتێکی سادەی هەیە و پەردەپۆشی بوونی بەردی گورچیلەکەی بکات، تا وایلێهات کە گورچیلەکانیان بگەنە حاڵەتی ناڕێک و لەناکاو و ژیانیشیان بکەوێتە مەترسیەکی گەورەوە''.
.png&w=3840&q=75)


.png&w=3840&q=75)